بە مەراسیمێک تەرمی شەهید عەبدولعەزیز جاسم بە خاکسپێردرا

دانیشتوانی تربەسپی و چلاخا بە مەراسیمێکی شایستە تەرمی شەڕڤانی قەسەدە، عەبولعەزیز جاسمیان بە خاکسپارد و بەڵێنی پاراستنی ئامانجی شەهیدانیان دووپاتکردەوە.

مەراسیمی شەهید

دانیشتوانی شارەکانی تربەسپی و چلاخای کانتۆنی جزیرە، تەرمی شەڕڤانی قەسەدە عەبدولعەزیز جاسمیان لە مەزارگەی شەهید دەڵشێری گوندی دگرێ بە خاکسپارد، کە لە شاری سحێلی دێرەزۆر لە ئەنجامی بۆسەی چەتەکانی داعشدا شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەسیپێکرد، دواتر ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی جزیرە، زێوەر عەلی قسەیکرد و جەخی لەوەکردەوە وەک گەل لەسەر ڕێچکەی شەهیدان بەردەوام دەبن و ئامانجەکانیان دەپارێزن.

دواتر لەسەر ناوی قەسەدە یەک لە فەرماندەکانی هێزە سەربازییەکانی تربەسپی، ئازاد سەیدۆ قسەیکرد و جەختی کردەوە لەسەر بەڵێنەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی خاک و وڵات لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان.

لە کۆتاییدا لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید، ساڵەح جومعە مامی شەهید، قسەیکرد و گوتی لەسەر ئامانجی شەهیدانیان بەردەوام دەبن و پارێزەری یەکێتی خاکی سووریا و پێکەوەژیانی گەلان دەبن.

دوای تەواوبوونی قسەکان بەڵگەنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەی هێژای شەهید کرا، تەرمی شەهید بە گوتنەوەی درووشم و هەلهەلەوە سپاردەی خاک کرا.