بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەهید تۆلین بەخاک سپێردرا، یادی شەهید زناریش بەرزڕاگیرا

بەهەزاران کەس لە هاوڵاتیانی کانتۆنی فورات بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەهید تۆلین پەلشین باز (ئەمینە ئەحمەد)یان بە خاک سپارد. هەروەها یادی شەهید زنار ڕاپەڕین (محەممەد حاجی) کرایەوە.

شەهید تۆلین پەلشین باز (ئەمینە ئەحمەد) لە هێرشێکی سوپای تورکی داگیرکەردا لە مەنبج بریندار بوو و لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا لە نەخۆشخانە کە چارەسەری بۆ دەکرا گیانی لەدەستدا. هەروەها گەریلای هەپەگە زنار ڕاپەڕین (محەممەد حاجی) کە لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهید بوو، لە مەراسیمەکەدا یادی کرایەوە.

ئەمڕۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەهید تۆلین بەخاک سپێردرا و لەهەمان کاتدا یادی شەهید زناریش کرایەوە. دوای خولەکێک ڕێزگرتن، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، چیچەک زاگرۆس، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیر هێنایەوە و وتی: "ئەمە یەکەمجار نییە شۆڕش بەم شێوەیە گوڵەکان لە لە گۆڕستاندا دەچێنێت، ئەویش بە ڕۆحی بەرخۆدان و فیداکارییەوە. بەو ڕۆحەوە تێکۆشانیان کرد و لە دژی سیاسەتی دوژمن وەستانەوە و گیانیان بەخت کرد".

هەروەها چیچەک وتی: "ئێمە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەین. ئێمە بە بەرخۆدانی خۆمان خاکە داگیرکراوەکانمان ئازاد دەکەین و بە تێکۆشان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین."

لە مەراسیمەکە بە ناوی بنەماڵەی هەردوو شەهیدەوە وتارێک پێشکەش کرا و بەڵێنی خاوەنداری و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان درا.

پاشان شەهادەتنامەی شەهید تۆلین خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.