بنەماڵەی سەردەم: داوا دەکەین پەدەکە تەرمی رۆڵەکەمان بداتەوە
بنەماڵەی گەریلا سەردەم جودی کە لە هێرشی پەدەکەدا شەهیدبوو، رایانگەیاند، چەند ساڵیش تێپەڕبن هەر داوای تەرمی کوڕەکەیان دەکەن و جەختیان کردەوە کە خیانەتی پەدەکە ئاشکرا بووە.
بنەماڵەی گەریلا سەردەم جودی کە لە هێرشی پەدەکەدا شەهیدبوو، رایانگەیاند، چەند ساڵیش تێپەڕبن هەر داوای تەرمی کوڕەکەیان دەکەن و جەختیان کردەوە کە خیانەتی پەدەکە ئاشکرا بووە.
شەوی ٢٨-٢٩ی ئابی ٢٠٢١ لە سەر چەمی زێ لە خەلیفان گروپێکی حەوت کەسی گەریلا لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە هێرشیان کرایەسەر و لە ئەنجامدا ٥ گەریلا شەهیدبوون. یەک لەو شەهیدانە سەردەم جودی (یوسف ئیبراهیم)بوو. برای سەردەم جودی یوسف ئیبراهیم و خوشکەکەی بە ناوی گوڵچین ئیبراهیم قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
گەلی کورد ئاگاداری خیانەتی پەدەکەیە
یوسف ئیبراهیم رایگەیاند، "گەریلا شکۆی گەلی کورد دەپارێزێت. ئەگەر گەریلا نەبوایە شکۆی گەلی کورد دەڕوشا. گەریلا لە پێناو گەلی کورد گیانی خۆی بەخت دەکات. ئەو گەلی کوردەی دەوڵەتی تورک دەیگوت ' کۆنکرێتمان کردە سەر گۆڕەکەی' سەرلەنوێ هەڵسایەوە. گەریلا نەبوایە گەلەکەشمان نەدەبوو. لە دژی دوژمن کە مرۆڤایەتی ناناسێت و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکات، گەریلا لە چیا بە برسێتی، تینوێتی، بە بێخەوی لە پێناو ناسنامەی گەلەکەی دەجەنگێت".
یوسف ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، کە مێژووی پەدەکە پڕە لە لاپەڕەی چەپەڵ و وتی، خیانەتی پەدەکە تەنیا هەر ئەمانەی ئەم رۆژانەی دوایی نییە، ماوەیەکی زۆرە خیانەتەکەی بەردەوامە. هەڤاڵ سەردەم و هاوڕێکانی لە خەلیفان بە دەست پەدەکە شەهیدبوون. پەدەکە دوژمنی گەلی کوردە. گەلی کورد ئاگای لە خیانەتی پەدەکەیە. خیانەتی ئەوان ئاشکرابووە. ئەگەر پەدەکە نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی هەنگاوێکیش لە باشوری کوردستان هەڵبگرێت".
گوێیان بۆ بانگەوازی ئێمە نەگرت
یوسف ئیبراهیم بە بیری هێنایەوە کە لەبەردەم دەروازەی سنووری سێمالکا خێمەیان هەڵداوە، ١١١ رۆژ داوایان لە پەدەکە کرد تەرمی شەهید سەردەم و هاوڕێکانی رادەست بکاتەوە و وتی، "گوێیان لە بانگەوازەکەمان نەگرت، ئێمە داوای تەرمەکانمان دەکەین. ئێمە دەمانەوێت بزانین شەهیدەکانمان خراونەتە کوێ. ١١١ رۆژ ئێمە بێ وەڵام هێڵڕاینەوە. نەمانتوانی تەرمەکانمان وەربگرینەوە. دەزانین کە تەرمی شەهیدانمان بە دەست پەدەکەوەن. ئەگەر بە خۆی دەڵێت کە کوردە، دەبێت تەرمەکانمان رادەست بکاتەوە".
رۆڵەی کوردان دەکوژرێن
گوڵچین ئیبراهیم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بە داردەستی پەدەکەی شەرمەزار کرد و وتی، "بە دەستی کوردان رۆڵەکانی کوردان دەکوژن. براکەم سەردەم بە دەستی پەدەکە شەهید کرا. ئێمە داوای تەرمی براکەمان کردەوە و تائێستاش داوای دەکەینەوە. دەمانویست سەردەم لە گۆڕستانی شەهیدان لەگەڵ هاوڕێکانی بەرەو گەشتی بێکۆتایی بەخاکبسپێرین. سەرباری هەوڵەکانمان تەرمەکانیان رادەست نەکردینەوە. گەورەترین دوژمنی گەلی کورد پەدەکەیە. ئەوەی ئاگر لە دڵمان بەردەدات شەهیدبوونی سەردەم نییە. سەردەم بە شکۆمەندی خۆی لە پێناو ئازادی گەلەکەیدا شەڕی کرد، گیانبازی کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدەستی ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن کورد شەهید کرا، ئاگر لە دڵمان بەردەبێت".
چەندین ساڵیش تێپەڕبن ئێمە تەرمەکانمان وەردەگرینەوە
گوڵچین ئیبراهیم داوای لە پەدەکە کرد هەنگاو بنێت و داوای تەرمەکەیان بکات: "١١١ رۆژە ئێمە تێکۆشاین، تێکۆشانی ئێمە هێشتاش بەردەوامە. ئێمە چالاکی خێمەدانانمان ئەنجامدا. جەماوەریش تیایدا بەشداربوو، بانگەواز کرا، بەڵام پەدەکە دەنگی لێوەنەهات، تائێستاش نکۆڵی لە دۆخەکە دەکات. با پەدەکە بزانێت ساڵیش تێپەڕبێت ئێمە تەرمی سەردەم وەردەگرینەوە".