ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازێک ڕەوشی سیاسی هەرێمەکەی گۆڕی

مەسعود بۆزی ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی ٢٧ ی شوبات، ڕەوشی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تەواوەتی گۆڕی و هیوای ئاشتی لە هەرێمەکە بڵاوکردەوە.

ئەندامی کۆمیتەی ئەکادیمیای ڕێبەر ئاپۆ بۆ فیکر و زانست، مەسعود بۆزی، دەربارەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ و فیکری وی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

لە سەرەتای قسەکانی مەسعود بۆزی ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری ٢٦ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی و جەختی کردەوە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەم ڕێگەیە دەیانەوێت ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی فیکری ئەو بگرن.

مەسعود بۆزی ڕایگەیاند ڕێگری لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت.

مەسعود بۆزی جەختی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازێک ڕەوشی سیاسی هەرێمەکەی بە تەواوەتی گۆڕی، گوتی: "بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هیوای ئاشتی لە تەواوی هەرێمەکە بڵاوبووییەوە. تەنها لەڕێگەی ئاشتییەوە، ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی دێت".