بۆچی گەلی کورد بە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردەوە گرێدراوە و ڕۆژانە بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە" تێکۆشان و بەرخۆدان دەکات؟ لەمبارەیەوه هاووڵاتیەک به ناوی نەجات موسا حەز و دڵسۆزی خۆی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە وەها دەردەبڕێت.
'ڕێبەر ئاپۆ ڕۆحی بەخشیەوە بە گەلی کورد'
نەجات موسا لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە ژیانی کورد کرد پێش ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شۆڕشەکەی دەست پێ بکات وتی: "پێش سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان نەدەناسی. ئێمە تەنیا دەمانزانی کورد هەیە، بەڵام هەرگیز بە قووڵایی لە مانای کورد و کوردستان تێنەدەگەیشتین. کورد بەردەوام ئەشکەنجە دەدرا و دەچەوسایەوە، لە وڵاتی خۆی دەربەدەر دەکرا. لە سەرەتاوە کە ڕێبەر ئاپۆ سەریهەڵدا سەرمان سووڕما و دەمانپرسی ئایا ئەم کەسە کە دۆزی گەلی کوردی لە ئەستۆ گرتووە، لە بەرامبەر ئەو دوژمنانە وەستاوەتەوە کێیە؟ بەڵام کاتێک هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆمان ناسی و حەقیقەتمان تێدا بینی ئیتر پێوە گرێدراو بووین. ڕێبەر ئاپۆ ڕۆحێکی نوێ بەخشی بە گەلی کورد، ئەم گەلەی زیندوو کردەوە. ئێمە قەد باوەڕمان بەوە نەدەکرد کە ڕۆژێک ببینە خاوەن ناو و شوناسی خۆمان و گەلان بمانناسن. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە ڕەنج و تێکۆشانی پرسی کورد و کوردستانی کردە پرسێکی جیهانی. ئێمە هەموو شتێکمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ و دۆزی کورد ئەنجامدا، هەر ماڵێکی کوردی بووه به مەیدانی تێکۆشان بۆ ڕێبەر ئاپۆ، منداڵەکانمان بە وتنی بژی سەرۆک ئاپۆ فێری قسەکردن بوون. پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان گەل و ڕێبەر ئاپۆدا دروست بوو."
'ڕێبەر ئاپۆ پرسی ژنی کردە پرسی کورد'
نەجات موسا ئاماژەی بەوەشکرد، لە سایەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، ژنان خۆیان لە عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕزگار کرد، مافی خۆیان لە ژیاندا ناسیەوە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەرژوەندی خۆی سەرهەڵدانی نەکردبوو، بۆ چارەسەری کێشەی گەلی کورد سەرهەڵدانی کردبوو. ئەوەی کە بووە هۆی ئەوەی ژنان بە ڕێبەر ئاپۆ گرێدراوەو بن، ئەوەیە کە ئەو دۆزی ژنی وەک دۆزی کورد و کوردستان پێناسە کرد. ئازادی ژنی کردە ئامانجی سەرەکی.
نەجات موسا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە پەکەکە بوو بە چرایەک بۆ گەل و شکستپێهێنانی دوژمنان، کاتێک پەکەکە سەریهەڵدا، هەستێکی جیاوازمان هەبوو. لەوە دڵینا بووین پەکەکە بۆ گەلە و دەمانپارێزێت. منداڵەکانمان بەشداری تەڤگەری ئازادیی بوون. کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ئێمە و پلانی کوشتنی کوردیان دانا، لە سایەی پەکەکەوە داعش شکستی هێنا و گەلەکەمان ڕزگاری بوو. پەکەکە سەلماندی کە لە پێناو پاراستنی گەلەکەی، بۆ ئەوەی گەلی کورد ئاوارە نەبێت و کولتوورەکەی لەدەست نەدات و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبێتەوە خۆی فیدا دەکات. ئەمە گەورەترین هۆکاری گرێدراو بوونی گەلێکە بە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەوە. ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بۆ ئێمە ژیانن."