چەتەکانی دەوڵەتی تورک چەندین گەڕەکی حەڵەبیان کۆنترۆڵکرد

چەتەکانی سەر بە دەووڵەتی تورکی داگیرکەر چەندین گەڕەک و ناوچەی حەڵەبیان کۆنترۆڵکرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز (ئانها) چەتەکانی دەستەی تەحریر شام و چەتەکانی دیکەی دەوڵەتی تورک دەیان گەڕەک و ناوچەی حەڵەبیان کۆنترۆڵکردووە.

ئەو گەڕەکانەی کۆنترۆڵکراون ئەمانەن: بوستان ئەل قەسر، کەلاسێ، فیردەوس، قەسیلە، قەڵای حەڵەب و دەوروبەری، گەڕەکەکانی جەمیلیە، سەلاحەدین، بوستان زەهرا، ئەلفەیز، حەڵەب جەدیدە، دوو بەش لە گەڕەکی راشیدەین، ناوجەی پیشەسازی، راموسا، حەمدانیە، میریدیان، فاروق، بەشێک لە باب نەیرەب، عەزیزیە و سوریان.

ئەو ناوچە و شوێنە گرنگانەی چەتەکانی دەستەی تەحریر شام دەستیان بەسەردا گرتوون ئەمانەن: ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی حەڵەب، ئەکادیمیای سەربازی و لێکۆڵینەوەی زانستی، بینای پارێزگاری حەڵەب، کۆلێژی تۆپهاوێژ، بینای کۆج و پاسپۆرت، گۆڕەپانی سەعدوڵا ئەلجابری، بینای بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان، بینای پەروەردە، زانکۆی حەڵەب. تائێستا یەکلانەبووەتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا بە تەواوەتی کۆنترۆڵکراوە یاخود نا.

لە دیمەنەکاندا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت، کە چەتەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، بەڵام بێتەقەگرتنی ئەو شوێنانە دەریدەخات کە سیناریۆیەکی رادەستکردن لەنێوان چەتەکان و هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدا لە ئارادایە.

لە دیمەنەکاندا تێبینی دەکرێت کە بەسێک لە چەتەکان هێماکانی داعشیان لەسەر جلوبەرگەکانیان داناوە و ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە چەتەکانی داعش شان بە شانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و دەستەی تەحریر شام هێرشیان کردووەتە سەر حەڵەب.

لەبەرەبەیانەوە لەسەرتاسەری حەڵەب دەنگی تەقە نابیسترێت، بەڵام فرۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕێنەوە و لە گەڕەکی حەلەب جەدیدە هەندێک ناوچەیان بۆردومان کردووە.