دوای ٤ مانگ کارەبای گشتی کۆبانێ و هەندێک گوندەکانی دابین کرایەوە

هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کارەبای کانتۆنی فورات وەلید جمان رایگەیاند؛ لە ئەنجامی تێکۆشانی ٤ مانگدا جارێکی دیکە کارەبای گشتی گەیاندرایەوە بۆ کۆبانێ و هەندێک لە گوندەکانی دەوروبەری.

پێداویستییەکانی کارەبای کانتۆنی فورات زۆرتر لە بەنداوی تشرینەوە وەردەگیرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشی کردەسەر بەنداوەکە و لە ئەنجامدا هێڵی کارەبا لە خزمەتگوزاری کەوت و  بە تایبەت کۆبانێ، زۆرینەی گوندەکانی بەبێ ئاو و کارەبا مانەوە.

لە بەرانبەر ئەم هێرشانە لە لایەک گەلانی هەرێمەکە، لە لایەکی شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە بەرخۆدانی مێژووی تشرینیان دەستپێکرد. لە لایەکی دیکەشەوە دەستەی وزەی کانتۆنی فورات سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان هەوڵیاندا پێداویستییەکانی کارەبا و ئاو چاک بکەن.

لە ئەنجامی تێکۆشانی ٤ مانگدا جارێکی دیکە کارەبا بۆ کۆبانێ و بەشێک لە گوندەوارانی دابین کرایەوە.

٦٦٠ گوندی کوبانێ و سرین بێ کارەبا بوون

هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کانتۆنی فورات وەلید جمان ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جگە لە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین، ژێرخانی هەرێمەکەی، وێستگەکانی ئاوی سیرین و کۆبانێی کردبووە ئامانج، کە لە ئەنجامدا  بێ کارەبا و ئاوی مانەوە و گوتی: "لە ئەنجامی هێرشەکاندا هێڵی کارەبای ٦٦ پچڕا، هەربۆیە ٣٦٠ گوندی کۆبانی و ٣٠٠ گوندی شاری سرین بە تەواوی بێ کارەبا بوون."

ئەنجامی تێکۆشانی ٤ مانگ

وتیشی: "لە ٤ مانگدا گەل بێ کارەبا و ئاو بوون، بەڵام هەرگیز بە تەنها جێمان نەهێشتن و هەستیان بە هاوکاریکردن. سڵاو لە بەرخۆدانی گەل دەکەین. ماوەیەکی زۆر ئارامیان گرت و ئێستا کارەبا گەشتە شاری کۆبانێ و هەندێک گوندەواری."

لە کۆتایی قسەکانییدا وەلید جمان بانگەوازی لە گەل کرد کە پاراستنی کارەبا بکەن و هاوکارییان بکەن. ئەم سیستەمە کارەباییەی ئێستا دابینکراوە کاتییە، بۆ سەرڕاستکردنەوەی هەندێک کاری پێویستی ماوە و گوتی: "ئەو ناوچانەی هێڵەکانیان لێ دروست کراوە بەشێوەیەکی کاتی کارەبا وەردەگرن، بەڵام ئەو ناوچانەی هێڵەکانی ژێر زەوین کارەبا وەرناگرن، بۆیە دەبێت هێڵەکان دروست بکرێن"