"دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕووخێنێت و ئارامیی گەل لەناوببات"

دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند دەڵەتی تورک بە لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەیەوێت ئارامیی هەرێمەکە لەناوببات.

کۆبوونەوەی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە درووشمی "پێشخستنی کشتوکاڵ، بناغەی ئابووریی کۆمیناڵە" لە هۆڵی سەردەمی شاری حەسەکە بەردەوامە. ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، فۆزا یوسف هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتە سیاسییەکان کرد و ڕایگەیاند هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ساڵێکی گرنگ و زەحمەت تێدەپەڕێنێت، شەڕی ئابووریی جیهان کاریگەری لە هەرێمەکە کردووە.

فۆزا یوسف تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە و ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشەکان ئاوارەکردنی گەل و گۆڕانی دیمۆگرافی و بڵاوکردنەوەی هەژاری بوو. جەختی کردەوە بە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ویستی کۆتایی بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بهێنێت و ئاسایشی هەرێمەکە تێکبدات. ئاماژەی بەوەکرد، پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پێداگرییەوە لەگەڵ ئیدارەکەی خۆیانن.

"ئابووری تەنها پارە نییە"

جێگری هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا، حەسەن کۆچەر تیشکی خستەسەر گرنگی پێشخستنی ستراتیژی کار، ئاماژەی کرد بە کەموکوڕییەکانی سیستەمی ئابووریی ئێستە، گوتی: "وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێویستە هاوکاربین لە بنیاتنانی سیستەمی کۆمەڵایەتی، چونکە ئابووری واتای پارە نییە، بەڵکو واتە کۆمەڵگە".