چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک پاش پێکدادانەکان لەگەڵ حکومەتی شام کە لە ٢٦ ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامە، گەیشتنە نێو شاری حەلەب. دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەم دواییانە هێرشەکانی بۆ سەر کانتۆنی شەهبا زیادکردووە.
بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) فەرهاد شامی دەربارەی ڕەوشی ئێستە، لێدوانی دا و هەڵوێستی قەسەدەی نیشاندا، داوای هەستیاری لە گەل کرد.
فەرهاد شامی گوتی: "هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەگ و ڕیشەیان هەیە. لەمێژە ئامادەکاریی بۆ کراوە و هەمووان ئاگاداری ئەم هێرشانە بوون".
"دەوڵەتی تورک پلانداڕێژیی و هەماهەنگی هێرشەکە دەکات"
فەرهاد شامی ڕایگەیاند پلانی هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئامادەکراوە و تورکیا دەیەوێت بە دەستی (ئەل نوسرە) پلانەکە جێبەجێ بکات. هێرشەکە هەنگاو بە هەنگاو لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم ئۆپەراسیۆنە، پێویستە ڕۆڵی تورکیا ببینرێت.
تورکیا نایەوێت ئارامی لە سوریا پەیدا بێت، بۆ ئەوەی ماوەیەکی درێژتر سوریا داگیر بکات، ناوی گرووپە چەتەکان دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی هەماهەنگی دەکات، هەر خودی دەوڵەتی تورکە.
ئەرکی سەرەکیمان پاراستنی گەلەکەمانە
بێگومان پێشهاتەکانی هەرێمەکە ڕاستەوخۆ ئێمەش پەیوەندیدار دەکات و لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین. هەرچۆنێک بێت، ئێمە ئەرکێکی سەرەکیمان هەیە، ئەویش پاراستنی گەلەکەمانە. بۆیە ئێمە لەسەر بنەمای پێویستییەکانی پاراستنی گەل و هەرێمەکە مامەڵە دەکەین. با گەلەکەمانیش هەستیار بن و خۆیان بەگوێرەی ڕەوشی ئێستە ڕێک بخەن".