عەفرینییەکان بۆ دەوڵەتی تورکی تاڵانکەر: خاکەکەمان جێبهێڵە!
بەبۆنەی ٧ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. ئاماری تاوانەکانی ساڵێک ئاشکرا کرا و داوا لە دەوڵەتی تورک کرا دەستبەجێ عەفرین جێبهێڵێت.
بەبۆنەی ٧ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. ئاماری تاوانەکانی ساڵێک ئاشکرا کرا و داوا لە دەوڵەتی تورک کرا دەستبەجێ عەفرین جێبهێڵێت.
دەیان کۆچبەری کانتۆنی عەفرین_شەهبا لە تەبقە بەبۆنەی ٧ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە کەمپی کۆچبەران لە ناوچەی وەرزشی شاری تەبقە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا لە ٢٠١٨ ـەوە بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە لە عەفرین، نزیکەی ٧٥٪ی دانیشتووانی ڕەسەن لە شوێنی خۆیان نەماون.
هەروەها تیشکخراوەتە سەر تاوانەکانی داگیرکەران لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا، وەک ڕفاندن و کوشتن و دزی و تاڵانکردن و ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی فیدیە و قڕکردنی سرووشت.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کراوە، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە هەرێمە داگیرکراوەکان، فشار لە دەوڵەتی تورک بکەن تا ئەو هەرێمە داگیرکراوانە جێبهێڵێت، لێپێچینەوە لە تاوانەکان بکرێت و گەڕانەوەی سەلامەتی کۆچبەران مسۆگەر بکرێت. هەروەها فشار لە دەوڵەتی تورک بکرێت تا هێرشەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و دەوروبەری کۆبانێ و تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگرێت. دووپاتکراوەتەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا دەیان هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و دەیان بریندار بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماری ساڵی ٢٠٢٤ ی تاوانەکان لە عەفرین و شەهبا دەستنیشان کراوە، بەگوێرەی ئامارەکە:
ڕفاندن و دەستبەسەرکردن: بە گشتی ٦٥٠ کەس ڕفێندراون لەنێویاندا ٥٩ ژن و ١٠ منداڵ.
کوشتن: ٦٤ کەس کوژراون، لەنێویاندا ١٠ منداڵ و ٣ ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ئەشکەنجەدان و بریندارکردن: ٥٦ کەس ئەشکەنجە دراون و بریندارکراون لەنێویاندا ٢ منداڵ و ٨ ژن و ٢ کەس کە تەمەنیان ٥٦ ساڵ بووە.
بڕین و سوتاندنی درەخت: زیاتر لە ١٠ هەزار و ٣٦٠ درەخت بڕدراون، ٥٩٧ هێکتار زەوی و زیاتر لە شەش هەزار درەخت سووتێنراون.
بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافی: ١٥ یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری و قوتابخانەیەک لەلایەن ڕێکخراوی (JTS)ـی کۆریای باشوورەوە بنیاتنراوە.
فرۆشتنی موڵک: زیاتر لە ١٦ موڵک فرۆشراون.
لەچوارچێوەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی کوردەکان، دانیشتووانی گوندی کاخیرە ناچارکراون موڵکەکانیان بدەن بە گرووپی عەمشات و فیدیەیان پێ بدەن.
دزینی زەیتون: لە تەواوی گوندەکان چەتەکان بەرهەمەکانی زەیتونیان دزیوە. لە گوندی قەرەزەحیل زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ دار زەیتون و لە گوندی قبارە زیاتر لە ٧٠٠ داری زەیتون دزراون.
سەپاندنی باج: سەپاندنی باج لەسەر چینینی زەیتون لە هەرێمی عەفرین دەگاتە نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ دۆلاری ئەمریکی. لە گوندی مەیدانی ڕاجۆ خێزانە کوردەکان ناچارکراون ٤ هەزار و ٥٠٠ تەنەکە زەیتی زەیتون بدەن. لە گوندی گمرۆکی ماباتا ٢٥٠ هەزار دۆلار سەپێنراوە. لە چەند گوندێکی شیە ٦٠ هەزار دۆلار و تەنها لە گوندی قەرمەتلک ٧٠ هەزار دۆلار سەپێنراوە.