بە دیمەن

فۆزا یوسف: ئەگەر هەتەشە بەم جۆرە بەردەوام بێت، هاوشێوەی بەعس دەبێت

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە فۆزا یوسف ڕایگەیاند کە دەستوورەکەی هەتەشە و حکومەتی کاتیی دیمەشق دیموکراتیک نین و ڕایگەیاند، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت، چارەنووسی ئەم ئیدارەیەش هاوشێوەی بەعس دەبێت.

فۆزا یوسف

ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە فۆزا یوسف ڕایگەیاند ئەگەر ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە بگۆڕێت بۆ چارەسەر، تورکیا چیتر بەهانەی نامێنێت، گوتی: "هەم بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و تورکیا هەم بۆ چارەسەری کێشەکانی سوریا، ڕەوشێکی ئەرێنی دێتەپێش".

فۆزا یوسف لە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند هەتەشە لەژێر فشارێکی گەورەی هێزە نێونەتەوەییەکاندا، بەتایبەت بەهۆی ڕەفتارە خراپەکانی بەرامبەر عەلەوییەکان، جەختی کردەوە ئەوەی تا ئێستە هەتەشە و حکومەتی کاتی کردوویانە دیموکراتیک نین، گوتی: " ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت، هاوشێوەی بەعس دەبێت. بەتایبەت لە دەستووردا ئیرادەی گەلی سوریا ڕەچاونەکراوە. ئەگەر درێژە بەم سیاسەتە بدەن، هەمان چارەنووسی بەعسیان دەبێت و شکست دەهێنن".

لە هەرێمە داگیرکراوەکان، مەترسییەکان بەردەوامن

فۆزا یوسف ڕایگەیاند دۆسیەی هەرە گرنگ گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتووانی عەفرین و گرێ‌سپی و سەرێکانییە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا لەو هەرێمانە چەتەکان هەن و لە هەندێک دەڤەر دەوڵەتی تورک هەیە، بۆیە هێشتا مەترسییەکان ماون، گوتی: "مەرجی ئێمە ئەوەیە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە هەرێمە داگیرکراوەکان دەربچن. گەل بەم شێوەیە هەست بە ئاسایش و سەلامەتی دەکات. لەم بارەیەوە گفتوگۆ بەردەوامە. پێویستە لەوێ ئەنجوومەنەکان دابمەزرێن، گەل خۆیان بەڕێوەببەن و شارەوانی گەل بەدەستەوە بگرن".

هەڵوێستمان دژی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان، ڕوون و ڕاشکاوە

فۆزا یوسف ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان کاریگەرییەکی خراپی لە تەواوی سوریا کرد، چونکە پەیامێک بوو بۆ هەموو لایەک، گوتی: "بۆیە هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی دژی کۆمەڵکوژییەکە نیشاندا. بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکان، ئاشکراکردن و ڕێگرتن لە کۆمەڵکوژی، هەوڵدەدەین. لە بواری دیپلۆماتیک و یاسای نێونەتەوەیی بۆ ئەم بابەتە خەبات دەکەین".

چارەسەر لە باکوور، کاریگەری لەسەر هەموو پەیوەندییەکان دەکات

فۆزا یوسف ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١١ ـەوە سەرچاوەی هەموو نائارامییەکانە، پشتگیری لە هەموو هێزەکانی نەیاری شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات، گوتی: "بۆیە ئەگەر پرسی کورد لە باکوور بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر ببێت، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا دەکات. هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک پەیوەست بە سوریا. تورکیا هەردەم دەڵێت "لەوێ پەکەکە هەیە، بۆیە هێرش دەکەین". ئەگەر چارەسەر بێتەدی، چیتر بەهانەی تورکیا نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە سەربکەوێت، هەم بۆ پەیوەندی نێوان ئێمە و تورکیا، هەم بۆ چارەسەری کێشەکانمان لە سوریا، ڕەوشێکی ئەرێنی دێتەپێش".