گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد

لە چەند شارێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە ٢٣ ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە، بە چالاکی شەرمەزار کرا.

یەکێتی کارمەندانی سەر بە تەڤ_دەم، مەجلیسی شاری گرێ‌سپی، دەستەی هەرێمی و شارەوانییەکان،  دەستەی پەروەردە و فێرکردن، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، فیدراسیۆنی بریندارانی جەنگی کانتۆنی فورات بە ڕاگەیاندراوی جیاجیا هیرشەکانی دەوڵەت داگیرکەری تورکیان شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکرایەوە ئەم هێرشانە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلانی تێکۆشەر نیشان دەدات، بانگەواز لە هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوە یاسایی و پەیوەندیدارەکان کرا بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نەبن و هێرشەکان ڕابگرن.

جەختکرایەوە، دەوڵەتی تورک ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی دەباتە دەرەوە تاوەکو ڕای گشتی تورکیا و دەرەوە فریوبدات.

ڕەقە

خوێندکارانی زانکۆی ئەلشەرق لە ڕەقە بە بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانیان شەرمەزار کرد. خوێندکارەکان ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان دژی ئەو هێرشانە و ڕایانگەیاند: "ئەم هێرشە کردەوەیەکی تیرۆریستییە، پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا گرژی مرۆیی زیاتر دەکات".

مەنبەج

لە ڕاگەیاندراوی یەکێتی کرێکارانی کانتۆنی مەنبەجدا ئاماژە بەوە کرا کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکان ڕەوشی مرۆیی و بژێویی ئاڵۆزتر دەکات.  بانگەواز لە هەمووان کراوە کە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەنگاو بنێن و کۆتایی بە هێرشەکان بهێنن.

حەلەب

مەجلیسی حەلەبی تەڤ_دەم بۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. تێیدا ئاماژە بەوە دەکات دەوڵەتی تورک سود لە سەرقاڵبوونی جیهان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵا دەبینێت و هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکان لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە.

شەهبا

تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یەکێتی پیشەوەرانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکرایەوە ئامانج لە هێرشەکان تێکدانی ئارامی هەرێمەکەیە، بانگەواز لە ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییەکان کرا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و پشتیوانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا پشتیوانی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دووپاتکرایەوە.

پارتی لیبراڵی سوریا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەڵێت: "بەردەوامی شەڕی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلەکەمان، درێژەپێدەری زیهنیەتە فاشیستییەکەیەتی".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکە وەک تاوانی جەنگ بەناو کراوە و گوترا، بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکە پەڵەیەکی ڕەشە لەسەر ڕووی هێزە نێونەتەوەییەکان.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا پشتیوانی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدە دووپاتکرایەوە.