بە دیمەن

گەلانی کانتۆنی جەزیرە پیلانگێڕییان شەرمەزار کرد

پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆی کانتۆنی جەزیرە بە ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەریی شەرمەزار کرا.

پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا.

لە چالاکییەکاندا گەلی کورد و عەرەب و جەرکەس و ئاشووری و سوریانی حەسەکە و قامیشلۆ داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

حەسەکە

خەڵکێکی زۆر لە تەل بەراک و شەدادی و هۆل و تەل تەمر و زرگان و دەرباسیە لە گۆڕەپانی شەهید ئارین میرکان لە حەسەکە کۆبوونەوە.

ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکانی کورد و عەرەب و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان بەشداری ڕێپێوانەکە بوون، ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ختۆ گۆڕا بۆ گردبوونەوە. لەوێ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە، فۆزا یوسف پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و داگیرکردنی شارەکانی سەرێکانی و گرێ‌سپی شەرەمەزارکرد و شەهیدانی بیرهێنایەوە.

فۆزا یوسف ڕایگەیاند ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەناوبردنی دۆز و ناسنامەی کورد، تێکدانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بڵاوکردنەوەی فیتنەی نێوان پێکهاتەکان و شکاندنی ئیرادەی گەلانی ئازاد و شۆڕشی ژنان بوو، گوتی: "لەبەرئەوەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە پارێزنامەکانیدا چارەسەری بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین خستەڕوو، دەوڵەتانی پیلانگێڕ دژی ئاشتی و دادپەروەری و ئازادی بە پیلانگێڕییەک ئەویان بەدیلگرت".

فۆزا ڕایگەیاند لە سەرەتای پیلانگێڕییەوە گەلان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشن، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ تەنها ڕێبەری گەلی کورد نییە، ڕێبەری گەلانی بندەست و ستەملێکراوە".

هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیەدە لقی هۆل، عەمار موسا داوای کرد کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بکات، بانگەوازی لە گەلانی هەرێمەک کرد بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرخۆدان و تێکۆشان مەزن بکەن.

قامیشلۆ

هاوڵاتیانی شاری دێرک و گەرکی لەگی و چلاغا و تەل کۆچەر و تەل حەمیس و تربەسپی و عامودا و ٢٥ شارۆچکەی دەوروبەریان، لە چوارڕیانی عوسمان سەبری قامیشلۆ کۆبوونەوە.

ئەندامانی دامەزراوە و ڕێکخراو و پارتەکان و بنەماڵەی شەهیدان و سەرۆک عەشیرەتەکان بەشداربوون لەو ڕێپێوانەی بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئەنجامدرا.

لە ناوەندی کەلتوور و هونەری محەمەد شێخۆ ڕێپێوان گۆڕا بۆ گردبوونەوە، لەوێ پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاڵدار خەلیل قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد لە ئیمراڵی بەرخۆدانێکی مێژوویی دژی پیلانگێڕان دەکرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەریی ئەم پیلانگێڕییە، لە کوردستان و دەرەوەش تێکۆشان و بەرخۆدانێکی مێژوویی هەیە.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار شیراز حەمۆ تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی مێژوویی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەڕڤانانی ئازادی لە سەنگەرەکان، ڕایگەیاند پیلانگێڕان بڕیاری درووستکردنی سیستەمێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان دا بوو، گوتی: "بە پاساوی جیاواز دەستیان کرد بە گرتن و چەوسانەوەی زانست، ئەو زانستەی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێش دەخات و ئازادی دەکات".

شیراز حەمۆ تیشکی خستەسەر سیستەمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و یەکگرتنی گەلانی هەرێمەکە دژی پیلانەکانی دوژمن، گوتی: "ئەم یەکگرتنەی پێکهاتەکان بۆ دەسەڵاتی ئەوان مەترسیدارە".