گەلی کۆبانێ لە گردی مشتەنوور نەورۆزێکی بە جۆش و خرۆشی دەستپێکرد

بەهەزاران کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات بە جۆش و خرۆش و ئیرادەیەکی بەرزەوە لە گردی مشتەنوور جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٥ بەڕیوە دەبەن.

لە چوارچێوەی پیرۆزباییەکانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بە دروشمی "بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک مسۆگەر دەکرێت"، بە بەشداری هەزاران کەس لە کانتۆنی فورات لە شارەکانی کۆبانێ، سیرین و عەین عیسا و پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها نوێنەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن.

لە بەرەبەیانەوە گەل بە جلوبەرگی کولتووری و ئاڵ و واڵاوە، ڕوویان لە گردی مشتەنوور کردووە و لەوێ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانەکە، کە بە پۆستەر و وێنەی ڕێبەر ئاپۆ ڕازاوەتەوە کۆبوونەتەوە و ئاهەنگ دەگێڕن.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی دەستیپێکرد، دواتر ئاگری نەورۆز بە دروشم و چەپڵە لێدان كرایەوە و لە دوای ئەوەش گەل گوێی لە پەیامی مێژووی ڕێبەر ئاپۆ گرد.

 لە ئاهەنگەکەدا چەندین وتار و پەیام پێشکەش کران و لەو چوارچێوەیەشدا مزگین خەلیل، جێگری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، نەورۆز، کە نوێنەرایەتی ئازادیی و ئاشتی و دیموکراتیک دەکات، لە سەردەمی کاوەی ئاسنگەرەوە تا ئێستاش دژی ستەم و کۆیلایەتی و تاریکی دەجەنگێت، ئەمساڵ دەبینین کاوەکانی سەردەم بۆ ئازادی و ئاشتی بەرەنگاری هەمان عەقڵیەت دەبنەوە.

وتیشی، ئێمە بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین، بەڵێن دەدەین بەردەوام بین لە بەرخۆدان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و یەکسان لەگەڵیدا، وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەرکەکانی سەردەمی خۆمان جێبەجێ دەکەین و بە ڕۆحی سەری ساڵەوە هەموو پێکهاتەکان لە باوەش دەگرین.

هەروەها ماجیدە حەسون، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ هیوای ئێمە وەک هەموو ژن و گەلانی ئازادیخواز ئەوە بوو، کە ئاگری نەورۆز بە دەستی ڕێبەر ئاپۆ داگیرسێنرێت، هەرچەندە ئەمە ڕووی نەدا، بە پەیامەکەی نەورۆز و بەرخۆدانمان چووەتە قۆناغێکی نوێ، بۆیە بۆ ئەوەی ئاگری نەورۆزی ٢٠٢٦ لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بكرێتەوە، ئێمە وەک ژنان پێشەنگایەتی خەبات بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەكەین، دوژمن ویستی نەورۆزی ئەمساڵ لاواز بکات، بۆیە کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان لە کۆبانی ئەنجامدا، بەڵام كردنەوەی ئاگر لەسەر گردی مشتەنوور گەورەترین وەڵامە دژی داگیرکاری و ستەمکاری.

لە دوای لێدوانەکانیش بە بەشداری چەندین هونەرمەند، گروپی موزیکی، گرووپی شانۆی و گرووپی هەڵپەڕکێ بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد و ئاهەنگی نەورۆز بە بەرزکردنەوەی دروشمی “بێ سەرۆک ژیان نابێت” و “بەرخۆدان ژیانە” کۆتایی هات و گەل بەردەوام دروشمیان دەوتەوە و هەڵدەپەڕین.