هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشی چەتەکانی داعشیان تێکشکاند

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرەزۆر هێرشی شانەیەکی چەتەکانی داعشیان لەسەر خاڵێکی پشکنین تێکشکاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەبارەت بە هێرشی شانەیەکی چەتەکانی داعش لەسەر خاڵێکی پشکنین لە دێرەزۆر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە شانەکانی چەتەکانی داعش لە کاتژمێر ٠١:٠٠هێرشیان کردووتە سەر خاڵی پشکنینی شارۆچکەی دەرنج لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، لە کاتی هێرشەکەی چەتەکانی داعشدا شەڕ لە نێوان هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێرشەکەران روویدا.

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە لە شەڕەکەدا هیچ زیانێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نەکەوتووە، بەڵام زیانی ماددی دروستبووە. هەروەها باس لەوەشکراوە لە دوای شەڕەکە چەتەکان هەڵاتوون.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە لە دوای هێرشەکە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە زیادکردنی تیمە گەڕۆکەکانیان دەستیان بە هەڵمەتی پاکردنەوە کردووە بۆ دەستگیرکردنی شانە هێرشکەرەکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری دەوروبەری شارۆچکەکە.