دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر گوندی ئەل جەماسی شاری عەین عیسا. لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی و ٢ منداڵ بریندار بوون و منداڵێک بە ناوی عەبدولڕەحمان ئەل حسێن بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوی سارای کانتۆنی فورات و نوسینگەی منداڵپارێزانی دەستەی ژنان لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەیان ئیدانەکرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
"بەهۆی بێدەنگی نێونەتەوەیی و ناوچەییەوە، دەوڵەتی فاشیست و مرۆڤکوژی تورک و چەتەکانی لە دژی خەڵکی مەدەنی و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی منداڵان و ژنان، درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن."
ئێمە هێرشە کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە زیاتر لە ٣مانگە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامی دەدات شەرمەزار دەکەین. دەوڵەتی داگیرکەری تورک ژێرخانی ناوچە و شوێنی نیشتەجێبوونی گەلانی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج و لەناوی بردووە و هەروەها گەلانی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج.
ئێمە ئەم تاوانە نامرۆڤانە و بێ ئەخلاقیانەی دەوڵەتی دژی گەلەکەمان ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە بۆ ڕێگری کردن لە تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەپەلە هەنگاو بنێن. بەداخەوە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک هاوبەشی ئەم پێشێلکارییانەیە ودەرفەت بۆ تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکاتەوە."
هەروەها نوسینگەی پاراستنی منداڵانی دەستەی ژنان، بەهەمان مەبەست لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد.
لەبەیاننامەکەدا ئەماژە بەوەکراوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو پەیماننامە و یاسا جیهانییەکان پێشێل دەکات و دژی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا درێژە بە کۆمەڵکوژیی دەدات. زۆر هاوڵاتی مەدەنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهیدکراون و ماڵ و حاڵیان وێران کراوە.
هێرشەکەی دوێنێ کە بووە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی منداڵان یەکێکە لەو زنجیرە کۆمەڵکوژی و تاوانانەیە کە دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە منداڵانمان و ئەو گەلەی بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریان کردووە.
پاراستنی منداڵان ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە، ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووانەوە هەتا منداڵان لە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەنددا بژین.
ئێمە وەک نوسینگەی پاراستنی منداڵانی هەرێمی فورات، داوا لە هێزە جیهانیەکان دەکەین کە بەپێی پەیماننامەی پاراستنی منداڵان و پاراستنی مافەکانیان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلانی هەرێمەکە ڕابگرن.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ئەنجامدەری تاوانەکان ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."