لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٥ هێرش کراوەتە سەر گوندەکانی مەنبج

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە ٥٥ گولە هاوەن هێرشیان کردۆتە سەر گوندەکانی مەنبج.

ناوەندی ڕاگەیاندنی مەجلیسی سەربازی مەنبج ئەنجامی هێرشەکانی داگیرکەری لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیانراوەکەدا وتراوە سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی مەنبجیان بە ئامانج گرتووە.
بە گوێرەی ناوەندەکە،  گوندی بوەیهج بە ٣٨ تۆپ، گوندی بۆخاز بە ١٠ تۆپ، گوندی جەڕاد بە تۆپێک، گوندی ئوم جەلود بە سێ تۆپ، گوندی کۆرهیوک بە سێ تۆپ، لەلایەن داگیرکەرانەوە تۆپباران کراون.
لە ڕاگەیاندراوی ناوەندەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە تۆپبارانکردنی چەتەکان لە گوندی عەرەب حەسەن لە گوندەواری باکووری ڕۆژئاوای مەنبج، گەنجێک بە ناوی مستەفا بەرەکات حەسەن (١٧ساڵ) بریندار بووە.