لە چەندین شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٤ی نیسان پیرۆز کرا
لە چەندین شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جەماوەری ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز کرا. لە پیرۆزکردنەکاندا نەمام چێندرا و جەخت لەسەر تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرایەوە.
لە چەندین شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جەماوەری ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز کرا. لە پیرۆزکردنەکاندا نەمام چێندرا و جەخت لەسەر تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرایەوە.
لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چالاکییەکان بەبۆنەی ٤ی نیسانەوە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە.
قامیشلۆ
بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار دانیشتووانی شاری قامیشلۆ، ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری قامیشلۆ، ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە بۆنەی ٤ی نیسان لە باخچەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە گەڕەکی حلێلەیی قامیشلۆ نەمامیان چاند.
پێش چاندنی نەمامەکان هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی قامیشلۆ بێریڤان عومەر قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی گەلان چارەسەرییە و گوتی: "بە چاندنی نەمامەکان دیارییەکی زۆر گرنگ پێشکەشی ڕێبەرێتی دەکەین و لەگەڵیدا هیوایی نوێ دەچێنین. پاراستنی ژینگە بە شێکە لە فەلسەفەی ڕێبەرێتییە."
بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەشدا ٤ی نیسان ڕۆژی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)یە و گوتی: "ئەوەی کە توانی شۆڕش بپارێزێت یەپەژە بوو، وایکرد شۆڕشەکەمان دەنگ بداتەوە و ببێتە نمونەیەک لە هەموو جیهان."
پاشان دانیشتووان بە پێی تەمەنی ڕێبەر ئاپۆ، ٧٦ نەمامی جۆراوجۆریان لە باخچەکە چاند.
تربەسپی
ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بۆنەی ٤ی نیسان لە تربەسپی راگەیاندراوێکی دا. ڕاگەیاندراوەکە لە پێش بینای ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان بە بەشداربوونی دایکانی ئاشتی و هاوژینانی شەهیدان، لە لایەن بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری تربەسپی خەراما عەلییەوە بە زمانی عەرەبی خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە بە ئامانجی تێکشکاندنی ئیرادەی گەلان زیاتر لە ٢٧ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵییە و سیستەمی ئەشكەنجە و قڕکردن لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە و گوترا: "سەرەرای ئەوەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی ئاشتیی کردوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مافەکانی ئەوی نەداوە. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەم بانگەوازی ئاشتییەی کە ڕێبەر ئاپۆ کردویەتی دەبێتە پڕۆسەیەکی مەزن و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرقەرار دەکات."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە بنەماڵەی شەهیدان و تەواوی گەلی کوردستان پیرۆز کرا.
حەسەکە
یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بەبۆنەی ڕؤژبوونی ٧٦ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ و ١٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاهەنگێکی لە شاری حەسەکە ئەنجام دا.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی دەیان بنەماڵەی شەهیدان، دانیشتووانی حەسەکە، شەڕڤانانی یەپەژە، قەسەدە و یەپەگە ئەنجام درا. دوای ڕێزگرتن بەشداربووان لە هۆڵی ئاهەنگەکە نەمامیان چاند.
هۆل
ئەنجوومەنی سەربازی هۆل بۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆوە ئاهەنگێکی ئەنجام دا. بە دەیان ئەندامی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، شەڕڤانان و فەرماندەی هێزە سەربازییەکان بەشداری ئاهەنگەکە بوون.
ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری نوسینگەی سەربازی کەمپی هۆل دەلیل حەسەکە قسەی کرد و ٤ی نیسانی لە تەواوی گەلانی تێكۆشەر پیرۆز کرد، شەهیدانی ئازادی بە بیرهێنایەوە و سڵاوی لە شەڕڤانانی سەنگەرەکانی بەرخۆدان کرد.
هەروەها هاوسەرۆکی نوسینگەی پەیەدەی شاری هۆل عەمار موسا ٤ی نیسانی لە ڕێبەر ئاپۆ و گەلانی ئازادیخواز پیرۆز کرد و ئاماژەی بەوەدا ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژبوونی گەلی کورد و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و ڕۆژبوونی ئازادی و بەرخۆدانە.
لە دوای تەواوبوونی قسەکان پیرۆزکردنە بە گێڕانی ئاهەنگ تا درەنگانێک بەردەوام بوو.