لە عەفرین چوار کەس رفێندراون

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا-عەفرین رایگەیاند کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ناوچەی جندرێس و راجۆی عەفرینی داگیرکراو، چوار کەسیان رفاندووە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، میت و چەتەکانی "ئاسایشی سیاسی" لە گوندی دێر بەلوتی سەر بە ناوچەی جندرێسی عەفرین رۆژی چوارشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵان.

راگەیەندرا کە لە هەڵکوتانە سەرماڵاندا ئەحمەد محەمەد نور حەبەش تەمەن ٤٧ ساڵ، مستەفا تاهیر عەبدۆ تەمەن ٤٥ ساڵ و عومەر ئەحمەد حەنان تەمەن ٢٥ ساڵ رفێندراون و بۆ شووێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەروەها راگەیەندرا کە پۆلیسی سەربازی کە لە گۆڕەپانە داگیرکراوەکان وەک ئامێری تاوان دامەزراوە، لە گوندی سێمالی ناوچەی راجۆ سەلاح ئەحمەد-ی تەمەن ٥٠ ساڵیان رفاندووە و چارەنوسی نادیارە.

سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە ٥ی ئەیلول میتی تورک و گروپە چەتەکانی بە ناوی ئەلشەرقیە لە گوندی مەکای خوارووی عەفرین سێ کەسیان رفاندووە.

لە رۆژی داگیرکردنی عەفرینەوە نزیکەی ١٠ هەزار و ٤٠٠ کەس رفێندراون

دەوڵەتی تورک کە لە ٢٠١٨دا عەفرینی داگیرکرد، رژێمی تیرۆر و تۆقاندنی لەو شارە دامەزراندووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مانگی تەمووز لانیکەم ٢٨ کەس، مانگی ئایار ٣٠ کەس و مانگی حوزەیرانیش لانیکەم ٤٠ کەس رفێندراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا لە نێوان ٢٠١٨ و نیسانی ٢٠٢٤ لانیکەم ١٠ هەزار و ٣٣٢ کەس رفێندراون و ٤٦٣ کەس تیرۆرکراون.