لە هێرشەکەی قامیشلۆدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوو

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند بەهۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلێک لە گەڕەکی ئوم فورسان لە قامیشلۆ، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بووە.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی ئوم فورسانی قامیشلۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەر لە کاتژمێر ١:٣٠ ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێ شەممە) بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سەر ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانمانی لە گەڕەکی ئوم فورسان لە قامیشلۆ کردە ئامانج. شوێنی هێرشەکەش زیندانی تاوانباران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بوو.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئەندامێکی بەڕێوەبەریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی شاری قامیشلۆ شەهیدبوو".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج لە هێرشەکە درووستکردنی پشێویی و هەڵاتنی تاوانباران بووە، بەڵام هێزەکانیان ئەم ئامانجەیان پووچەڵ کردووەتەوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە پێویستە گەل دژی تیرۆری دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتی پیشان بدات، دووپاتی دەکاتەوە هێزەکانیان بەردەوامن لە کار و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک.