لە کانتۆنی فورات هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزار کران

لە کانتۆنی فورات هێرشە داگیرکارییەکانی سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکران و پەیامی بەهێزکردنی تێکۆشان درا.

دانیشتووانی کانتۆنی فورات هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕێپێوان و ڕاگەیاندراو شەرمەزارکرد.

لە سیرین ڕێپێوانێک لە گۆڕەپانی شەهیدانەوە دەستی پێ کرد و تا دەروازەی شارەکە بەردەوام بوو. لەوێ هاوسەرۆکی مەجلیسی شارۆچکەی قادریە باسل عەبدوڵا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی شەرمەزارکرد.

باسل عەبدوڵا گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک شوێنە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان و هەموو شوێنێک دەکاتە ئامانج، بۆیە ئێمە هەردەم ڕادەپەڕین و تێکۆشان بەردەوام دەکەین. هەڵوێستمان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەهێز دەبێت، هەرگیز بەرامبەر هێرشەکان لاواز نابین".

کۆنگرەی ستار: گەل وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە

هەروەها کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فورات ڕاگەیاندراوێکی لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد خوێندەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی کۆنگرەی ستار مەیسون کەوار خوێندرایەوە.

مەیسون کەوار ڕایگەیاند دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا قوڕگی لەنێو فاشیزمدا چەقیووە، هێرشی دڕندانە دەکات سەر کۆمەڵگە، بەڵام گەلانی هەرێمەکە بە بەرخۆدان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.

ڕاگەیاندراوی دەستەی تەندرووستی

دەستەی تەندرووستی کۆبانێ لەبەردەم نەخۆشخانەی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، هاوسەرۆکی دەستەکە، عەزیزە ئیبراهیم ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

عەزیزە ئیبراهیم ڕایگەیاند ڕۆژهەڵاتی ناوین بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ژێرخان و ئابووری و نەخۆشخانە و کۆگاکانی گەنم دەکاتە ئامانج تاوەکو ڕەوشی ژیانی کۆمەڵگە خراپتر بکات.

عەزیزە بانگەوازی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستێنن.