بە دیمەن

لە ڕەقە بە جۆشەوە ٨ـی ئادار پیرۆز کرا

بە ئاهەنگێکی بەرفراوان ژنان لە ڕەقە ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارییان پیرۆز کرد.

پیرۆزبای ٨ـی ئادار

بە هەزاران لە ژن و پیاو لە یاریگای بەلەدی شاری ڕەقە ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارییان پیرۆز کرد. لە پیرۆزباییەکەدا ژنان بە جلوبەرگی کولتووری خۆیانەوە و بە وتنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جۆشییان دا بە ئاهەنگەکە.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستیپێکرا و دواتر ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) فۆزا یوسف قسەیکرد.

لە سەرەتایی قسەکانییدا فۆزا، ٨ـی ئاداری لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ژنان پیرۆز کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانەکانی بەندوای تشرین و پردی قەرەقۆزاق کرد.

لە بەردەوامییدا فۆزا ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوا کرد و جەختیکردەوە لە بەردەوام بوون لە تێکۆشان.

دواتر هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی ڕەقە فەهیمە جاسم قسەیکرد و ٨ـی ئاداری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد.

هەر لە ئاهەنگەکەدا فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی ڕەقە ئارین تورکمان قسەیکرد و گوتی: "بە درێژای مێژوو ژنان ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەبووە لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا و ڕۆڵی بنەڕەتییان هەبووە."

لە دوای تەواوبوونی قسەکان گرووپی پالمێرای تەڤگەری هیلالی زێڕین و هونەرمەندی ناوەندی چاندی ڕەقە مونالا تامی بە گۆرانییەکانیان جۆشییان دا بە ئاهەنگەکە، لەگەڵ گێڕانی هەڵپەڕێکی و خۆشییەکانی بەشداربووان ئاهەنگەکە کۆتایی هات.