لە ڕەقە و چلاغا شیلان کۆبانێ و هاوڕێیانی بەبیرهێنرانەوە

شەهید شیلان کۆبانێ و هاوڕێیانی لە ٢٠هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیان لە کانتۆنی ڕەقە و شاری چلاغا بەبیرهێنرانەوە.

شیلان کۆبانێ و هاوڕێکانی

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەیەدە شیلان کۆبانێ (مەیسا باقی) و هاوڕێیانی زەکەریا ئەبراهیم، حیکمەت تۆکماک (فوئاد)، نەبۆ عەلی (جەمیل) و حاجی جومعە عەلی (جوان) ٢٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ بە پیلانێکی هاوبەشی ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شاری موسڵی سەربە عێراق شەهید بوون.
ڕەقە
مەجلیسی ژنانی پەیەدە بە هاوکاری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری ڕەقە، بە مەبەستی بیرهێنانەوەی شەهیدان شیلان کۆبانێ و هاوڕێیانی کۆبوونەوەیەکی لە بینای چاند و هونەر لە شاری ڕەقە ئەنجامدا. ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، مەجلیسی ئەدلب ئەل خەزرا، پەیەدە، دەستەی پەروەردە و فێرکردن، نوێنەرانی مەجلیسی بەڕێوەبەری کانتۆنی ڕەقە، کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، بنەماڵەی شەهید شیلان و بنەماڵەی شەهید جەمیل بەشداری مەڕاسیمی بیرهێنانەوەکە بوون.
کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. دواتر وتەبێژی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی ڕەقە عەبیر ئەل حاج، شەهید شیلان و هاوڕێیانی بەبیرهێنایەوە و باسی لە بەرخۆدانەکانیان کرد.
هەروەها وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پەیەدە فاتیمە خەلیل سەرنجی خستەسەر تێکۆشانی شەهید شیلان و هاوڕێیانی هەندێک لە یاداشتەکانی خوێندنەوە.
لە دوای قسەکان سینفزیۆنێک لەسەر شەهید شیلان پیشاندرا و بنەماڵەی شەهید شیلان و شەهید جەمیل خەڵات کران.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا مۆم داگیرسێنرا.
چلاغا
بەهەمان مەبەست مەجلیسی پەیەدە لە چلاغا ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. ڕاگەیاندراوەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەجلیسی شاری چلاغا، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، کۆنگرەی ستار، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سووریا، یەکێتی ژنانی گەنج، ئەندامانی پەیەدە، دامەزراوە مەدەنییەکان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان خوێنرایەوە.
ڕاگەیاندراوەکە لە بەردەم بینای پەیەدە لە لایەن ئەندامی پەیەدە نەزها سەیفەدین خوێنرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا شەهید شیلان و هەر چوار هاوڕێکەی بەبیرهێنرانەوە و ئاماژە بەوەکرا تێکۆشەر شیلان لە کاتی بەشداربوون لە تەڤگەری ڕزگاری کوردستان هەتاوەکو کاتی شەهیدبوونی نمونەی ژنی ئازاد بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەڵێن درا تاوەکو گەشتن بە ئامانجەکانی شەهیدان، درێژە بە هێڵی شەهیدان بدرێت.