لە سوریا ١٣٨٣ کەس کوژراون: یەکێتی ئەوروپا شەرمەزاری کرد

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند تا ئێستە ١٣٨٣ عەلەوی سوریا لە هێرشەکاندا کوژراون. یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵکوژییەکەی شەرمەزار کرد.

بەگوێرەی ئاماری نوێی سۆهر، لە هێرشەکانی سەر کەناراوەکانی سوریا لە ٦ ی ئادارەوە، لانی کەم ١٣٨٣ سڤیل کوژراون.

کۆمەڵکوژییەکە بە سەختی لە ٧ و ٨ ی ئادار بەڕێوەچوو. سۆهر گوتی: "لەبەرئەوەی هێشتا کوشتن بەردەوامە" ژمارەکان کاتیین و دەگۆڕێن.

یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند حکومەتی نوێی سوریا لەم بارەیەوە کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.

لە ڕاگەیاندراوەکە بە ناوی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاوە گوتراوە "پێویستە هەموو شتێک بکرێت بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم جۆرە".