لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجامدرا
لە حەسەکە لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا، ناوی نوێنەرانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق ئاشکرا کرا.
لە حەسەکە لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا، ناوی نوێنەرانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق ئاشکرا کرا.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار، ئەمڕۆ دووەمین کۆبوونەوەی نێوان فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و نوێنەرانی حکومەتی دیمەشق لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی قەسەدە ڕۆهیلات عەفرین، سەرۆکی ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە ئەرکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان پێ سپێردراوە، حوسێن ئەلسەلامە و ئەندامی لیژنەکە محەممەد قەناتیری ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشکەوتنی ڕێککەوتنەکە و پێویستی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوریا و دوورخستنەوەی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان کرا. هەروەها گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی سەرجەم هەرێمەکانی سوریا ئەنجامدرا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەی کە نوێنەرایەتی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن لە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئاشکرا کرا. ناوی نوێنەرەکان بریتین لە: فۆزا یوسف، عەبد حامد ئەلمەحبەش، ئەحمەد یوسف، سەنحاریب بەرسوم، سۆزدار حاجی. هەروەها مریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان وتەبێژی فەرمی لیژنەکە دەبن.
ئەم کۆبوونەوەیە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق لە ١٠ ی ئادار پێکهات. کۆبوونەوەی یەکەم لە ١٩ ی ئادار بەڕێوەچوو.