عەلی سۆباشی ئەندامی پەیەدە لە شاری دێریک بە خاک سپێردرا

تەرمی ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) عەلی سۆباشی لە ناوچەی دێریک بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

ئەندامی پەیەدە عەلی سۆباشی (ئیدریس سەرحەد) لە ٢٧ی تیشرینی یەکەم لە شاری حسەکە لەو نەخۆشخانەیەی کە چارەسەری بۆ دەکرا، شەهید بوو.

خەڵکی ناوچەی دێریکی سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ مەراسیمێکیان بۆ شەهید عەلی سازکرد. لە مەراسیمەکەدا خەڵکی دێریک و گوندنشینانی، ئەندامانی دامەزراوە، مەجلیسی مەدەنی و نوێنەری عەشیرەتەکان، ئەندامانی کۆنگرەی ستار و ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

دوای ئەوەی خەلکی ناوچەکە تەرمی شەهیدیان لە نەخۆشخانەی گەل لە دێریک وەرگرت، بە کاروانێکی جەماوەری ڕوویان کردە گۆڕستانی شەهید خەبات دێریک.

لە گۆڕستانەکە، ئەندامی مەجلیسی بنەمالەی شەهیدانی دێریک، سوعاد مستەفا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکە کرد و سەرنجی خستەسەر فیداکاری شەهیدان و کەسایەتییە نەتەوەییەکان و وتی: شەهید بە ئەخلاق، میرات، بەها و فیداکارییان لە ناو گەلدا ناسراون."

لە لایەکی ترەوە، ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، محەمەد ئەمین، قسەی کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد کە لەسەر ڕێبازی شەهیدان هەنگاو بنێن تا ئەو کاتەی سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

محەمەد عەبدوڕەحیم ئەندامی پەیەدە باسی لە تێکۆشانی شەهید عەلی سۆباشی کرد و وتی: لە پێناو ئازادیی گەلدا شەهید عەلی بەشداری تەڤگەری ڕزگاریخوازی کوردستان بوو و دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بەشداری بەرخۆدانی گەل بوو. عەبدوڕەحیم لە کۆتاییدا بەڵێنی دا کە ئەوان بۆ بەدیهێنانی هێنانی ئامانجی شەهیدانی ئازادی و دیمۆکراسی لەسەر ڕێگای شەهیدان هەنگاو دەنێن.

دواجار وەسیەتنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.