مەزڵوم عەبدی جەژنی نەورۆزی لە کوردان پیرۆز کرد

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی بە پەیامێک نەورۆزی لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو جیهان کرد.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک جەژنی نەورۆزیی لە كوردانی رۆژئاوا پیرۆز دەكات و دەڵێت: "ئەم نەورۆزە دەبێتە سیمبولی یەکگرتویی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان."

لە پەیامەكەدا هاتووە: "پیرۆزبایی نەورۆزی ساڵی (٢٠٢٥) لە گەلی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و جیهان دەکەم، هەروەها جارێکی دیكە لە دڵەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی شەڕەڤانانی هەسەدە،  ئەندامانی ئاسایش، هێزەکانی پاراستنی خۆسەر و کەسوکاری شەهیدان دەکەم."

هەر لە پەیامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: "هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە عەرەب، کورد، سریانی، تورکمان، ئاشوری، ئەرمەنی، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆیان دەكەن، ئەمە جگە لەوەی، كە لە سوریایی نوێدا شوێن و پێگەی خۆیان مسۆگەر دەکەن."