ناسنامەی شەهیدێکی هێزەکانی رزگاری عەفرین راگەیەندرا

هێزەکانی رزگاری عەفرین رایانگەیاند، شەڕڤانێکیان بە ناوی دیار غەریب رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە هەرێمی عەفرین شەهیدبووە کە خەڵکی شاری زاخۆی باشووری کوردستانە.

بەپێی راگەیەندراووێکی هێزەکانی رزگاری عەفرین شەڕڤانیان دیار غەریب (کاروان حاجی) رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە هەرێمی عەفرین لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی شەهیدبووە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هاوڕێمان دیار غەریب خەڵکی شاری زاخۆی باشوری کوردستان بوو کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و پەیوەست بە بەهاکانی کوردایەتی لەدایکببوو. بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی بنەماڵەکەی و هەروەها بەهۆی هێرشی گروپە جیهادیستەکان بۆ سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو ئاڵۆزیانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداری لە ریزەکانی بەرخوداندا کرد.

هاوڕێ دیار غەریب کە نەیتوانی دەستوەسان بێت و تەنیا سەیری ئەو هێرش و ئاڵۆزیانە بکات، لەلایەکەوە پڕبوون لە رق بەرامبەر بە دوژمنانی خوێڕێژ و لەلایەکیشەوە کاریگەر بوو بە قارەمانێتی کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان، هەربۆیە بەشداری ریزەکانی شۆڕشی کرد و لە دژوارترین ساتەکان لە باشوری کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتی سەردەمی بەجێگەیاند. دوای ماوەیەکیش روویکردە رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە دیار غەریب لە رووی سەربازی و ئایدۆلۆژیەوە خۆی پێشخستووە و لە هەڵمەتی رزگارکردنی باغۆز و هەروەها بەرخودانی سەرێکانیدا بەشداری کارای هەبووە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە بە وشیاری و زانابوونیەوە لە هەر شوێنێک شۆڕش پێویستی پێیهەبوایە رووی دەکردە ئەوێ و لە بەرامبەر گروپە چەتەکانی وەک نوسرە و داعش و ئەو گروپە خوێنمژانەی دیکە کە دەوڵەتی تورک بەخێوی دەکردن، خاوەن هەڵوێستی نمونەیی بوو. لە دوا وێستگەشیدا روویکردە عەفرین و لە چوارچێوەی هێزەکانی رزگاری عەفریندا دەستی بە شەری رزگاری کرد. لەو رۆژەوەی بەشداربوو تا ساتی شەهیدبوونی بەردەوام لە پێشی پێشەوەی ریزەکاندا بوو. بە شێوەیەکی گیانبازی بەشداری لە هەڵمەتەکانی رزگاری و چالاکییەکاندا کرد، هەندێک جار وەک شەڕڤان و لە هەندێک شێونیش وەک فەرماندە پێشەنگایەتی بۆ شەڕ و ژیان کرد.

ئێمە وەک هێزەکانی رزگاری عەفرین بەڵێن نوێدەکەینەوە کە ئاوات و ئامانجەکانی هەڤاڵە شەهیدەکەمان بهێنینەدی. ئەو ئاڵای هاوڕێ دیار رادەستی ئێمەی کردووە، بە شەکاوەیی رایدەگرین. لەسەر ئەو بنەمایانە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هاورێمان دیار غەریب و سەرجەم گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین.

زانیاری لەسەر ناسنامەی شەهید بەمجۆرەیە:

ناسناو: دیار غەریب

ناو و پاشناو: کاروان حاجی

ناوی دایک: بەهار

ناوی باوک: محەمەد

شوێن و کاتی شەهیدبوون: هەڕێمی عەفرین/ ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤".