کاریگەرییە نەرێنییەکانی عەقڵییەتی پیاوسالاری لەسەر کۆمەڵگا و پێویستی گۆڕینی ئەم عەقڵیەتە، بابەتی سەرەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە. پەروەردەکردنی پیاوان بۆ نەهێشتنی نایەکسانی زیاتر سەرنجی دەخرێتە سەر. ئامانجی پەروەردەکان گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوانە. ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕشی ژنانە.
ڕۆهلات موسلم لە لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار و مەسعوود یوسف و باقی حەمزە لە بەشداربووانی خولی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، سەبارەت بە گرنگی گۆڕین و گۆڕانکاری عەقڵیەتی پیاوسالاری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالاری زۆر گرنگە
ڕۆهلات موسلم بە ئاماژەدان بەوەی کە عەقڵیەتی پیاوسالاری بە درێژایی هەزاران ساڵە کۆمەڵگای لە ڕێگەی دامەزراوە جوراوجۆرەکانیەوە لە ژیان و پەروەردەدا فۆرم داوە، وتی: "تاکە ڕێگەچارە بۆ گۆڕانکاری و گۆڕینی ئەم عەقڵیەتە پەروەردەیە. گۆڕینی عەقڵیەتی پیاوسالارەوە لەلایەن رێبەرایەتیەوە دەستیپێکرد. بۆ ئەم مەبەستەش زۆر پەروەردەی ئاکادیمی بەڕێوەدەچێت. عەقڵیەتی پیاوسالاری، کۆمەڵگا بەرەو کارەسات دبات و گەورەترین کاریگەری و گوشار دەخاتە سەر ژنان. لە ئەنجامدا پیاوان بە هەموو شێوەیەک دەسەڵات دەگرنە دەست و ژنیش بە هیچ دادەنرێت. بۆیەئەم عەقڵیەتە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە بۆ ئەوەی بتوانین فەلسەفەی پێکەوەژیانی ئازاد لە نێوان ژن و پیاودا بنیات بنێین."
تێکۆشانی ژنان کۆتایی بە عەقڵیەتی پیاوسالاری دەهێنێت
مەسعوود یوسف، بەشداربووی خولی پەروەردەی کۆنگرەی ستار بۆ پیاوان ڕایگەیاند، ژن نەتەنیا لە ڕۆژاوا پێشەنگە بەڵکوو لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێشەنگایەتی گۆڕانکاری عەقڵیەتی پیاوسالاری دەکات و ڕێگای بۆ گۆڕان و گۆڕانکاری کردووتەوە. مەسعوود یوسف، بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرخۆدان، پێشەنگایەتی و تێکۆشانی ژنان پرسیاری لای پیاوان وروژاندووە، وتی: "لە ئەنجامی ئەم پرسیارەدا هۆشیاری ڕەگەزی دروست بووە. بێگومان ئەمە لەلایەن پیاوانەوە بەدی نەهاتووە. بەڵکوو ئەمە دەستکەوتێکە کە لە ئەنجامی تێکۆشانی بێوچانی ژنان لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری هاتۆتە ئاراوە. دامەزراندنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستکەوتێکی گەورەیە کە دامەزراوە. ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆمەڵگا، دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا کە بەدەست هاتوون، دەرئەنجامی ئەم سیستەمەیە."
نایەکسانی بە تێکۆشانی ژنان لەناو دەچێت
باقی حەمزە، یەکێکی دیکەی بەشداربووی خولی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند کە پێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژاوادا هۆکاری سەرەکیی بەدەستهێنانی سەرکەوتن بووە و ڕایگەیاند: "گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی پیاوسالاری و پێشکەوتنی پیاوان بەرەو لێگەڕین بەدوای ئازادیدا بە تێکۆشانی ژنان پەرەی سەندووە. ئەگەر چاو لە مێژوو بکەین، ئەو ژیانەی ژن بنیاتیان ناوە، لەلایەن پیاوانەوە دەستیان بەسەردا گرتووە. بەم شێوەیە گوشار و توندوتیژی و چەوساندنەوە لە کۆمەڵگادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەتا ئەمڕۆ پەرەی سەندووە. نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵگای سەروبن کردووە و جیهانێکی ناڕەوا و نادیموکراتیکی دروست کردووە. ئەمڕۆ لە بە سایەی تێکۆشانی ژنانەوە ئەم نایەکسانییە لەناو دەچێت. ئەو ژنانەی کە ئایدۆلۆژی ئازادی ژنی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێ نیشاندەری خۆیان پەیڕەو دەکەن، بە تێکۆشانیانەوە، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مافەکانیان بەدەستهێنا و سیستەمی هاوسەرۆکایەتییان دامەزراند. ئەگەر شۆڕش گەیشتووتە ئەمڕۆ، ئەوە لە سایەی ئەو ژنانەیە کە شەڕی داعشیان کرد و پێشەنگایەتیان لە گۆڕان و گۆڕانکارییەکاندا کردووە لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگادا. بۆیە جارێکی دیکە بە فەلسەفەی"ژن، ژیان، ئازادی" شایەتی هێزی گۆڕان و گۆڕانکارین لە ناوچەکە وجیهان."