هەردوو ژنە ڕۆنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣دا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هاوکاری پەدەکە کران بە ئامانج. لەوبارەیەوە ڕۆژنامەوان بڕیار عەفرین بۆ ئاژانسمان قسەیکرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا ڕۆژنامەوان بڕیار عەفرین ئەوەی خستەڕوو لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک لە ڕووی سیاسیەوە شکستی هێناوە، پەنا دەباتەبەر تێرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان و وتی: "دەوڵەتی تورک لە ڕووی هەموو ڕەهەندێکی ئەخلاقی و سیاسیەوە شکستی هێناوە بۆیە هێرشی سەر بەهاکانی گەل، کەسانی ئازادیخوازمان دەکات. هەر بۆیە دەوڵەتی تورک هیچ جیاوازییەک ناکات و هەموو ئەوانە دەکات بەئامانج. هێرشەکەی سەر ڕۆژنامەوانانی سلێمانیش بەردەوامیدانی ئەم سیاسەتە پیسەیەتی. بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هیرۆ بەهادین دەرنجامی خەباتی ڕاگەیاندییان بوو چونکە ڕووی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکەی هاوکاری دەردەخست. ڕاگەیاندنەکانی پەدەکە لە داوی تیرۆکردنی هەردوو ڕۆژنامەوانەکەوە هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردوە کە گوایە چەکداربوون، بەڵام ئەم هەواڵە درۆیەکی شاخدارە، چوونکە هێرۆ بەهادین دەرچووی بەشی ئەندازیاری بوو، هەرگیز دەستی لە چەک نەداوە. وە هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ەوە گوڵستان تارا دەناسم، مرۆڤێکی پاک و دڵسۆز بە کارەکەی بوو. کەسێتییەکی ڕۆژشنبیری هەبوو. چەندین ساڵ پێکەوە کارمان کرد هێندەی نوکە دەرزییەک دڵی هاورێکانی نیگەران نەکرد."
'بۆمان بوون بە هێز، سیمبوڵ و نمونەی باڵا'
لە قسەکانیدا عەفرین ئاماژەی بەوەدا هەموو کەسێک گوڵستانی خۆش دەویست بۆیە لە هەموو جێگەیەکدا کوردان خاوەنداری لێ دەکەن و وتی: "بۆیە گولستان بوو بە هێز، سیمبوڵ و نمونەی باڵا. هەڤاڵ گوڵستان بە هاوکاری خیانەتی پەدەکە شەهیدکرا، ئەمەش جێگەی شەرمەزارییە و پێویستە لە دژی خیانەت تۆڵەییان بکەینەوە. هەرەوەها هەڤاڵمان هیرۆ ڕۆژنامەوانێکی دڵسۆزبوو بۆ کارەکەی، لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی هەست-پاکی کوردەواری بوو، هەڤاڵ هێرۆ هەموو تایبەتمەندییە جوانەکانی لە دایکییەوە وەرگرتبوو. کەسایەتییەکی فریشتەئاسای هەبوو. هەرچەندی باسیکەین لە ئاست دڵسۆزی و جوانی هەردوو هاوڕێماندا نیە. بۆیە ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە لە دژی ئەم کارانەی دەوڵەتی تورک و خیانەتی پەدەکە بووەستینەوە، خاوەنداری لە ڕێچکەی خەباتی هەڤاڵانمان بکەین بە بەرفراوانکردنی کار و خەباتی رۆژنامەوانی تۆڵەی هەردوو هاوڕێمان لە داگیرکەر و هاوکارەکانی بکەینەوە."