بە دیمەن

پەیامی نەورۆزی گەریلا: تاکە کەس بتوانێت قەناعەتمان پێ بکات، ڕێبەر ئاپۆیە

نەورۆزی ٢٠٢٥ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە مەراسیمێکی سەربازی پیرۆز کرا. لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە، ئامەد مەلازگرت، گوتی: "تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت قەناعەت بە جەنگاوەرانی فیدایی بکات؛ بۆیە دەبێت ئازاد ببێت".

نەورۆزی ٢٠٢٥

نەورۆزی ٢٠٢٥ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە مەراسیمێکی سەربازیی و جۆشێکی مەزن پیرۆزکرا. یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە، ئامەد مەلازگرت قسەی کرد و پەیامی گرنگی دەربارەی پرۆسە نوێیەکە خستەڕوو.

"پەکەکە پارتی نەورۆزە"

ئامەد مەلازگرت نەورۆزی لە ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد و دۆستانی کورد و بەرخۆدەرانی زیندان و دایکانی شەهیدان پیرۆز کرد، ڕایگەیاند نەورۆز بۆ گەلی کورد واتای بەرخۆدان و شکاندنی ڕۆحی کۆیلایەتی و بنیاتنانی ژیانێکی ئازادە، مەزڵوم دۆغان و زەکیە و ڕەوشەن و شەهیدانی نەورۆزی بیرهێنایەوە و گوتی: "لەسەر بناغەی ئەم ڕۆح و خەسڵەتە، تەڤگەری پەکەکە خۆی لەسەر ئاگر دامەزراند، بە ڕۆحی نەورۆز، بە بەرخۆدانی نەورۆز، پەکەکە تێکۆشانێکی مەزنی کرد. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی نا، لە ڕۆژی نەورۆزدا بڕیاریدا پەکەکە دابمەزرێنێت. بۆیە پەکەکە پارتی نەورۆزە. هەروەها ئەو تێکۆشانەی تا ئێستە هەبووە بە ڕۆحی بەجۆشی نەورۆز ئەنجامدراوە".

"ڕێبەر ئاپۆ ویستی چارەسەر سیاسی پێش بکەوێت"

ئامەد مەلازگرت دووپاتی کردەوە، بەهۆی بەرخۆدان و تێکۆشانی مەزنی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی، دەوڵەتی تورکیا ناچاربوو هەندێک کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات، گوتی: "ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک تەسفیەکردنی پەکەکە بوو، حیساب‌نەکردن بۆ گەلی کورد بوو. لە بەرامبەر تێکۆشانی ڕێبەر  ئاپۆ و پەکەکە، دەوڵەتی تورک نەیتوانی سەربکەوێت، نەیتوانی پەکەکە تەسفیە بکات".

ئامەد مەلازگرت تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر سیاسی، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ هەردەم لایەنگری چارەسەری سیاسی بووە، بەڵام لەبەرئەوەی نکۆڵی لە گەلی کورد وەک چەمکێک هاتبووە پێش، ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری چەکداری بە پێویست زانی بۆ چارەسەری پرسی کورد، بۆیە سەرەتا پەکەکە وەک هێزێکی چەکداری دامەزرا. بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوی دەوڵەتی تورک شەڕی دژوار کرا. لە ساڵانی نەوەدەکان پەکەکە گەیشتە بەهێزترین قۆناغ. بۆیە دەوڵەتی تورکی هێنایە سەر ڕێگەی چارەسەری سیاسی، بە نێوەندگیری هەندێک هێز، چارەسەری سیاسی بووە ڕۆژەڤ. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٣ هەنگاوی ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەیڵێت ئەوکاتیش دەیگوت. بەڵام سەرەڕای هەنگاوە ئەرێنییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بەڵام بەرپرسانی تورکیا بۆ شەڕکردن بەرامبەر پەکەکە، خۆیان ئامادە دەکرد. ساڵی ١٩٩٤ شەڕێکی دژوار لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک هەڵگیرسا، بەڵام ئەمەش بێ ئەنجام مایەوە و دەوڵەتی تورک وەک جاری پێشوو ناچاربوو بە ئاگربەست".

ئامەد مەلازگرت تیشکی خستەسەر خەسڵەتی پیلانگێڕانەی دەوڵەتی تورک، بەتایبەت کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ دەوڵەتی تورک هەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئاپۆی دا، فەرماندە ئامەد مەلازگرت، گوتی: "ساڵی ١٩٩٨ دەوڵەتی تورک نامەیەکی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد و گوتی خوێنی زۆر ڕژا، دەبێت مەسەلەکە بە ڕێگەچارەی سیاسی چارەسەر بکرێت. دیسانەوە ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی نا. لە ئەنجامدا، لە ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییدا ڕێبەر ئاپۆ بەدیلگیرا. سەرەڕای ئەمەش، ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی ئاشتی نا، تاوەکو کورد و تورک تا هەتایە نەبنە دوژمن. بەڵام ئەوکاتیش دەوڵەتی تورک پەنای بردە بەر ڕێبازی فریودان و فێڵ، سەدان هەڤاڵی ئێمە لەو قۆناغەدا شەهید بوون. دیسانەوە پەکەکە بۆ سەرخستنی بڕیارەکەی ڕێبەر ئاپۆ، پرۆسەکەی تێک نەدا و شەڕی نەکرد، بەڵام دەوڵەتی تورک بە پیلانگێڕی وەڵامی هەموو هەنگاوێکی ڕێبەر ئاپۆی دایەوە".

"دەوڵەتی تورک لەم شەڕی دوایین، شکستی هێنا"

ئامەد مەلازگرت جەختی کردەوە لە کۆبوونەوەکانی ساڵی ٢٠١٣ لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتی تورک بۆ چارەسەری پرسی کورد، دەوڵەتی تورک هەمان ڕێبازی گرتەبەر و خۆی بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە کرد، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە هێرشی ئاسمانی چڕی دەست پێ کردووە، گوتی: "لە پرۆسەی ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستە شەڕێکی دژوار لەنێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکدا هەیە. دەوڵەتی تورک باوەڕی وابوو لەڕێگەی تەکنیکەوە پەکەکە لەناودەبات، بەڵام لە ئەنجامی شەڕی مەزنی ١٠ ساڵی ڕابردوو، پەکەکە کۆتایی نەهات. دەوڵەتی تورک دە ساڵە هیچ ئەنجامێکی لەم شەڕە بەدەست نەهێناوە، بەڵکو لاوازتر بوو. لەڕووی ئابوورییەوە زۆر لاواز بوو، لەڕووی سەربازییەوە سەرنەکەوت. پەکەکە هەندێک قوربانی دا، تا ڕادەیەک قوربانیدانێکی دژوار بوو، بەڵام سەرکەوتین".

"ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەڵگرت"

ئامەد مەلازگرت ئاماژەی کرد بە قسەکانی باخچەلی و دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ نامەیەکی بۆ پەکەکە نارد و گوتی پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، شەڕ نەکات، بناغەی ئەوەی دەرخست کە لە چ هەلومەرجێکدا شەڕ بکرێت. پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەڕێوەبەریی پەکەکە بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە و گوتی، ئێمە وەک پەکەکە لەگەڵ بڕیارەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەبین".

هەروەها دووپاتی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی بانگەوازەکەی باخچەلی دایەوە، ئێستە دەبێت لە باخچەلی بپرسرێت ئەوان لە پراکتیکدا چ هەنگاوێک دەنێن، نزیکەی ١٥ ڕۆژە لەلای دەوڵەتی تورکەوە هیچ پەیامێکی ئەرێنی نییە؛ گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی هەڵگرت. پەکەکە بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە. ناوەندی پاراستنی گەلیش بەگوێرەی وەڵامەکەی پەکەکە، بڕیاری وەستاندنی چالاکی دا. تا ئێستە وەک هێزە سەربازییەکان هیچ چالاکییەکی پلان‌بۆداڕێژراومان بەرامبەر دەوڵەتی تورک ئەنجام نەداوە".

"پاش ئاگربەستی پەکەکە، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر کردووە"

ئامەد مەلازگرت ڕایگەیاند کاتێک لە نزیکەوە چاودێری دەکەین، نیازە خراپەکانی دەوڵەتی تورک بەدیار دەکەون، لەپاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر کردووە، گوتی: "لە ئەنجامی ئەمەدا، هەر کێ چ دەڵێت و دەوڵەت چ دەڵێت، وە دەوڵەت دەربارەی پەکەکە چ دەڵێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە. ئێمە ڕێبەر ئاپۆ بەبنەما دەگرین، گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ دەگرین، دەبێت تێبگەین ڕێبەر ئاپۆ چ دەڵێت و دەیەوێت چ بڵێت. پێویستە گوێمان لە ڕێبەر ئاپۆ بێت. ئێمە ڕێبەر ئاپۆ بەبنەما دەگرین. ئەو کەسەی ئەم تەڤگەرەی دامەزراندووە، ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو کەسەی دەتوانێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان بدات، ڕێبەر ئاپۆیە".

ئامەد مەلازگرت تیشکی خستەسەر پراکتیکی دەوڵەتی تورک و گوتی: "دەوڵەتی تورک زۆر خۆی بە عاقڵ دەزانێت، مێژوو ئەمە دەخاتە بەرچاومان. دەڵێت با پەکەکە چەک دابنێت، دەستبەجێ کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. واتە دەیەوێت چ بڵێت؛ لەسەرەوە لێمان دەڕوانێت. کاتێک کۆنگرەیەک بەسترا، هێرش بۆ لەناوبردنمان ئەنجام دەدات. ئێمە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەگەینە ئەم ئەنجامە. ئێوە هێشتا هێرشەکانتان بۆ سەر گۆڕەپانەکانمان نەوەستاندووە. هێشتا ئسلوبی دەوڵەتی تورک بەرامبەرمان نەگۆڕاوە. تا دەوڵەتی تورک زیهنیەت و ئسلوبی خۆی نەگۆڕێت، بەگوێرەی پرۆسە نوێیەکە خۆی ڕێک نەخات، لەنێوان کورد و تورکدا چۆن ئاشتی بەدی دێت. لە کۆبانێ خێزانێکی وڵاتپارێز کە هیچ پەیوەندییان بە چەکەوە نەبوو، کرانە ئامانج و ٩ ئەندامی خێزانەکە شەهیدبوون. ٧ لەم شەهیدانە منداڵ بوون، یەکێکیان ٤ مانگ تەمەنی بوو. ئێستە گەلی کورد شرۆڤە دەکات، بەم زیهنیەتە، لەگەڵ ئەم دەوڵەتە و لەسایەی ئەم کۆمەڵکوژییەدا چۆن دەبنە خوشک و برا. گەلی کورد وەک جاران نییە. سیاسیی و ڕێکخراوە و هەموو شتێک دەبینێت و شرۆڤەی دەکات".

"تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت قەناعەت بە جەنگاوەرانی فیدایی بکات"

ئامەد مەلازگرت لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد ئەوان چاوەڕێی وەڵامی ڕێبەر ئاپۆن، گوتی: "گەر بڕیارێکی ستراتیژی وەک چەکدانان بدرێت، بێجگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت لەنێو پەکەکەدا ئەم بڕیارە بدات. ئەگەر دەوڵەتی تورک جدییە و دەیەوێت ئاشتی لەنێوان کورد و تورک بێتەدی، گەر دەیەوێت لەنێو دەوڵەتدا سازانێک بێتەدی،پێویستە هەنگاوی جدی بنێت. لەدەرەوەی ئەمە و تا ڕێبەر ئاپۆ ئامادە نەبێت، هیچ کەسێک لەنێو کۆنگرە و لە دەرەوەی کۆنگرە ناتوانێت بڕیارێکی وەها ستراتیژی بدات، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و چەکی پێ دابنێت! بۆ ئەوەی پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، دەبێت دەرفەت بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێنرێت. زۆرێک لە جەنگاوەرانی فیدایی باوەڕیان بە ڕێبەر ئاپۆ کردووە و بەشداربوون، هەندێک شت هەن قەناعەتی پێ ناکەن. ئێمەش لە هەندێک بابەتدا تەواو قەناعەتمان نەکردووە، هێشتا کۆمەڵگەش قەناعەتی نەکردووە. تاکە کەس بتوانێت قەناعەتیان پێ بکات ڕێبەر ئاپۆیە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، گەلی کورد درێژە بە تێکۆشان دەدات".