پەژاک: هێرش بۆ سەر ناوەندی کوردەکان لە لەندەن سیناریۆیەکی نادیموکراتیک و مەترسیدارە

پەژاک لەبارەی هێرشی دەووڵەتی بەریتانیا بۆ سەر ناوەندی کوردەکان لە لەندەن راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو کردەوەی بە سیناریۆیەکی نادیموکراتیک و مەترسیدار ناودێر کرد.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ سەر ناوەندی کۆمەڵەی کوردی لە لەندەن روو لە گەلی کورد ئەم بانگەوازەی راگەیاند: "دەبێت گەلەکەمان بەرامبەر سیاسەتی لەم چەشنە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی دیموکراتیک بگرنەبەر".

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی بەریتانیا رۆژی ٢٧ی تشرینی دووەم هێرشی کردە سەر "ناوەندی کۆمەڵەی کوردی" لە لەندەن و ماڵی ژمارەیەک چالاکوانی کولتوری و مەدەنی و هاووڵاتیانی کورد و هەروەها گردبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی گەلەکەمان لەو شارەی بە توندوتیژییەوە سەرکوت کرد. ژمارەیەک لە چالاکوانان بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت و بە بیانووی بێ بنەما دەستبەسەرکرد. ئەم هەڵسوکەوتەی بەریتانیا کە لە پشتییەوە سیناریۆیەکی دیکە لە دژی عەلی کورد شاراوەتەوە، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین.

هێرشی پۆلیسی لەندەن بۆ سەر چالاکوانان و هاووڵاتیانی کورد بە فەرمانی دەوڵەتی بەریتانیا، دەستبەسەرکردن و مامەڵەی توندوتیژانە لە دژی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کاتێکدایە کە وەزیری ناوخۆی ئەو دەوڵەتە لەئێستادا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و لە هەوڵدان رێککەوتنی نهێنی لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان و بەتایبەتی پەکەکە بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی عێراق بە ئەنجام بگەیەنن.

بەریتانیا بە بیانووی بێ بنەمای رێگری لە لێشاوی کۆچبەربوونی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، پارەیەکی زۆر دەداتە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق و هەوڵیش دەدات پەناخوازان و چالاکوانانی کورد دیپۆرت بکاتەوە.

لەم چوارچێوەدا تائێستا بەرامبەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پەیوەست بە پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ و پرسی نەتەوەکان، پرسە کولتوری، ئایینی-دینییەکان و ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی روون و پشتیوانییەکی نەبووە. هەربۆیە بەریتانیا بەم کردەوە دوژمنکارانەیەی لە دژی سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کورد هەوڵ دەدات مەترسییەکان لە دژی پەناخوازانی کورد لەو وڵاتە بەتایبەتی لە دژی کوردەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کە زۆرینەیان لەوێ نیشتەجێن، زیاتر بکەن. ئەم هەڵسوکەوتەی دەوڵەتی بەریتانیا لە دژی گەلەکەمان پێشێلکاری زەقی  مافەکانی مرۆڤ و سیناریۆیەکی سیاسیە کە دەبێتە مایەی هاوکاری دەوڵەتە باڵادەستەکان لە کوردستان و سەرکوتی کوردەکان.

رۆڵی بەریتانیا لە دروستبوونی کێشەی کورد زۆر روونە و لە قۆناغی هاوچەرخدا رێگری لە گەیشتنی کوردەکان بە ئازادی و دیموکراسی کردووە. دەووڵەتی بەریتانیا هۆکاری سەرەکی دابەشکردنی خاکی کوردستان و جینۆسایدی کوردەکانە لە یەک سەدەی رابردوودا، هەروەها لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا بووەتە بەڵایەک بەسەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کوردەکان و رۆڵی سەرەکی لە دابەشکردنی کوردەکان و کوردستان گێڕاوە. لە سەرکوتی بزوتنەوە کوردییەکاندا دەستی هەبووە و لەم پێناوەدا خزمەتی زۆری بە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا کردووە.

لەئێستاشدا بەریتانیا هەوڵ دەدات بۆ راکێشانی سەرنجی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردەکان هاوکاری ئەنقەرە بکات. بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٧ەوە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا داگیرساندووە تا هێرشی قڕکاری لە دژی کوردەکان و بزوتنەوەی ئازادیی ئەنجام بدات. سیناریۆکانی دەوڵەتی بەریتانیا لە هاوکاری لەگەڵ تورکیا و حکومەتی هەرێم لە پێناو سەرکوتی کوردەکان و بزوتنەوەکەیان شەپۆلێکی نوێی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە کوردەکان کە مەترسی زۆری بەدواوە دەبێت.

مەجلیسی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پەژاک" ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی بەریتانیا لە هێرشکردنە سەر کوردەکان لە لەندەن و ناوەندە کولتورییەکانی بە توندی شەرمەزار دەکات. سات و سەودای بەریتانیا بە کوردەکان و پەناخوازانی کورد و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دەوڵەتانی باڵادەست لە کوردستان و پەرەپێدان بە سیناریۆی نوێ، مەترسیە بۆ سەر گەلەکەمان. ئەم پەلامارانە رێگە بۆ سەرکوتی کوردەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا دەکاتەوە. گەلەکەمان بەتایبەتی لە ئەوروپا دەبێت بە شێوەی دیموکراتیک لە دژی ئەوە بوەستنەوە و ئەم مەترسیانە بەرپەرچ بدەنەوە. چالاکی کولتوری و مەدەنی کوردەکان لە لەندەن مافی رەوای ئەوانە و هەرجۆرە هێرشێک پێسێلکردنی زەقی یاسا و رێسا مرۆیی و مافە مرۆییەکانە. دەبێت گەلەکەمان بەرامبەر بە سیاسەتی لەم چەشنە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی دیموکراتیک بگرنەبەر".