قەسەدە داوای کرد لیکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی مەنبەج بکرێت

قەسەدە تەقینەوەکەی مەنبەجی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ڕەنگە تاوانبارەکە دەوڵەتی تورک بێت و بانگەوازی کرد بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک دەست پێ بکات.

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە دەربارەی تەقینەوەکەی ئەم بەیانییە لە شاری مەنبەجی داگیرکراو، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە تەقینەوەکە شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، دانانی مین و شەڕی ناوخۆیی و تیرۆر و پشێویی و فیتنە، بەشێکی سەرەکییە لە کارەکانی گرووپە چەتەکانی سەر بە تورکیا. ئەم کارانە ستراتیژێکی نەگۆڕی ئەم گرووپانەیە. ئەم گرووپانە لەڕێگەی ئەم کارانەوە دەیانەوێت، دانیشتووان بترسێنن و ڕێگەبگرن لە خۆپیشاندانەکان دژی ڕەوشی خراپی مەنبەج و کێشەکانی دزی و تاڵانکردن و دەستدرێژی.

هێزەکانمان خاوەنی ئەزموونێکی مەزنن لە دۆزینەوەی تاوانباراندا. هێزەکانمان ئەم ئەزموونەی خۆیان لە لیکۆڵینەوە پێشکەش بە ئیدارەی دیمەشق دەکەن تاوەکو لایەنی ڕاستەقینەی پشت تەقینەوەکە ئاشکرا بکەن، هەروەها ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بەبێ بەڵگە و بە تۆمەتبارکردنی هێزەکانمان بەم تاوانانە، دەیانەوێت کارەکانی خۆیان بشارنەوە".