قەسەدە گەنجێکی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانیان گەنجێکی ئێزدیان ڕزگارکردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ ـەوە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرابوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند کە تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەر بە هێزەکانیان، لە ١٢ ی ئاداردا ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا گەنجێکی ئێزدی بە ناوی عوسمان خەیرۆ خودێدا ڕزگارکرد. عوسمان لە هێرشی چەتەکانی داعش لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال ڕفێندرابوو.

ناوەندەکە ڕایگەیاند عوسمان خەڵکی گوندی وەردیەی هەرێمی شەنگالە. لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایکبووە و کاتێک منداڵ بووە، چەتەکانی داعش لە ٢٠١٤ خۆی و بنەماڵەکەیان ڕفاندووە.

بەگوێرەی ناوەندەکە، چیرۆکی عوسمان وەهایە، خۆی و براکەی ٣ مانگ لە شاری موسڵ مابوون، پاشان لە براکەی جیاکرایەوە و چەتەکان لەگەڵ ٦٠ منداڵی ئێزدی ناردیان بۆ شاری بوکەمالی سوریا. عوسمان ٣ ساڵ پەروەردەی شەریعەتی لە شاری بوکەمال بینی و ناوی "ئوسامە ئەل سەنجاری" پێ دراوە. پاشان براوەتە بیابانی سوریا و لەوێ ٣ ساڵ بەشداری پەروەردەی سەربازیی بووە و ٤ ساڵ وەک چەکدار لەنێو چەتەکانی داعش ماوەتەوە. لەوێ مینێک پێیدا تەقیوەتەوە و قاچی ڕاستی بریندار بووە.

عوسمان ڕایگەیاند لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ دەیان چەتەی داعش لە شوێنێکی بیابانی حومس ماوەتەوە، ڕۆژێک شوێنەکەیان لەلایەن هاوپەیمانی نێونەتەوەییەوە بە سەختی بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا ٢٠ چەتە کوژراون و ئەو ڕزگاری بووە.

لەکۆتایی قسەکانیدا، عوسمان خەیرۆ خودێدا دڵخۆشی خۆی بە ڕزگاربوونی دەربڕی و سوپاسی قەسەدەی کرد.