قەسەدە هۆشداریدا: بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەوانەیە بەنداوی تشرین بڕووخێت

قەسەدە هۆشداریدا لەوەی بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، مەترسی ڕووخانی بەنداوی تشرین لەزیادبووندایە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هۆشیار کردەوە لەوانەیە کارەساتی مرۆیی ڕووبدات.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی قەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بۆردومانی فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێرشە دڕندانەکان بۆ سەر هەرێمی دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە چڕی هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری و بوۆردومان دەکەن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک چەتەکانیش بە بەردەوامی تۆپبارانی ناوچەکە دەکەن، هەروەها شەڕ و ململانێکان لە زۆر شوێنی ناوچەکە بەردەوامی هەیە.

لە دەڤەری کۆبانێ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان لە گوندی گرک بۆردومان کرد و گوندی ئاسلانکێ لە باشووری شاری کۆبانێ تۆپباران کرا.

قەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە مەترسی ڕووخانی بەنداوی تشرین لە زیادبووندایە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرپرسیارە لە هەر کارەساتێک کە لە ئەنجامی رووخانی بەنداوەکە و شوێنەکانی دیکەی سوریا ڕووبدات.