ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵەح موسلیم لە دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و جەختی لەوەکردەوە بۆ جێبەجێ کردنی هەنگاوە مێژووییەکە پێویست بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکات و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازییەکی مێژووی کرد و ئیدی تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکە."
'دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕاستەخۆ لەگەڵ پەکەکەدا بکەوێتە پەیوەندییەوە'
ساڵەح موسلیم باسی لەوەکرد ڕێبەر ئاپۆ دەرگای بە ڕووی چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورد دا کردوە و ئەمەی گوت: "لێرە بەدواوە ئەرکەکە لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکە. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد کە پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێ و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. بۆئەوەی ئەمەش بێتە ئاراوە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێک ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەدا بکەوێتە پەیوەندییەوە و ئەوە دەستنیشان بکاتە کە چ ڕێگەیەکی چۆن بگرێتەبەر، بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنگرەیە دەبێت تورکیا نیازی خۆی دیاری بکات."
'کوردان گەیشتوون بە ئاستێک کە تێکۆشان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەڕێوەبەرن'
ساڵەح موسلیم باسی لەوەکرد ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەوەی نیشاندا کە بۆچی تێکۆشانی چەکداری دەستپێکردووە و ئەمەی گوت: "ڕوونبووەوە کە لەسەر بنەمای خۆپاراستن بۆ ئاسایشی گەل بوو. گەر دەوڵەت لە ڕووی سیاسی، چاند، زمان و ئاسایشی گەلدا هەنگاوی دیموکراتیکی بنێت، پرسی کورد بە سیاسەت چارەسەر بکات. گەر پرۆسەکە بەمشێوەیە ڕێگەی خۆی بگرێت، ئەوا پێویست بە تێکۆشانی چەکداری ناکات. ئیدی پرسی کورد لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بووە بە پرسێکی نێونەتەوەیی. گەلی کورد گەیشتووە بەو ئاستەی تێکۆشانی سیاسی و دیبلۆماسی بەڕێوەبەرێت."
'گۆڕانکاری لە تورکیادا کاریگەری لەسەر کوردستان دادەنێت'
موسلیم ئاشکرای کرد دەوڵەتی تورک لە هەموو کوردستاندا دووژمنایەتی کوردان دەکات و وتی: "گەر لە سووریادا چارەسەرییەک نەیەتەئاراوە، عێراق و ئێرانیش بکەونە کێشە و قەیرانەوە، ئەوا دەوڵەتی تورک هۆکارەکەیەتی. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک نایەوێت گەلی کورد هیچ مافێکی هەبێت. پەیوەست بەمەوە گەر لە تورکیادا گۆڕانکارییەک بێتەئاراوە، ئەوا ڕاستەخۆ کاریگەری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دادەنێت. بۆیە ڕێبەرێتی بۆ وەرگرتنی بڕیارێک بۆچوونی هەموو کەسێک وەردەگرێت، وەک ئەوەی بۆچوونی پەدەکە، یەنەکە و پارتەکانی دیکەی وەرگرت. هەرخۆی دەڵێت بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پرسی کورد تێدەپەڕێنرێت.
'پێشکەوتنی پرۆسەکە چارەسەری دێنێتە سووریاوە'
بۆیە دەرگای چارەسەرییەکی سیاسی کردەوە. پرۆسەیەکی زۆر پیرۆزە. پێشکەوتنی هەنگاوێکی لەم شێوەیە دڵخۆشی دێنێتەئاراوە. بوونی دەوڵەتی تورک لە سووریادا بۆئەوەبوو کە گەلی کورد مافەکانی خۆی بەدەست نەهێنێت. پێشکەوتنی پرۆسەیەکەی لەم شێوەیە بەمانای هێنانەئارای چارەسەرییە لە سووریادا و گەر دەڵەتی تورک دەستوەردانی سووریا نەکات، ئەوا پێشکەوتنی ئەرێنی درووستەبن."
'دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە'
ساڵەح موسلیم دەستنیشانیکرد بۆ ئەوەی پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، دەبێت دەوڵەتی تورک هەنگاوی ڕوون بنێت و ئەمەی گوت: "پەکەکە پێشتر ڕاگەیاندووە تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ نەیەتەئاراوە کۆنگرە نابەستێت. بۆیە ئەو هەلومەرجەی کە ڕێبەر ئاپۆ تێدایە پێویستە دەستبەجێ بگۆڕێنرێن و ئازادی جەستەیی ڕێبەریتی بێتەئاراوە کە دەبێتە بەردەوامیدانی هەنگاوە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازییەکەی مێژووی کرد و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکە. بەم شێوەیە ئەم پرۆسەیە هەنگاو بە هەنگاو پێشدەکەوێت. ڕێبەر ئاپۆ دەرگای سیاسەتی دیموکراتیکی کردەوە و ئیدی کەوتووەتەسەر دەوڵەتی تورک هەنگاوبنێت. لەم هەنگاوانەدا سەرەتا زیندانەکان بەتاڵ بکرێت و قەیوم لاببرێت. دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ڕێگەی خۆی بگرێت. هەروەها پرۆسەکە لە ڕۆژێکدا ئەنجام نادات بەدەستەوە و تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت."
'دەبێت دەوڵەتی تورک ئاگربەست ڕابگەیەنێت'
ساڵەح موسلیم گوتی: "جێگەی قبوڵکردن نییە دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە بڵێت چەک دابنێن و لەولایشەوە لە هێرشەکانی بەردەوام بێت. لە لایەک دەوڵەتی تورک دەڵێت چەک دابنێنن و لایەکی دیکەوە هێرش دەکات. ئەگەر بەردەوام بێت پەکەکە چۆن چەک دابنێت؟ ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک بانگەوازی تەسلیمبوونە. گەریلا و گەلی کورد تەسلیمبوون قبوڵ ناکات. دەوڵەتی تورک ئەگەر دەیەوێت چەک دابنرێت دەبێت گوێ لە لێدوانە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بگرێت. لە ساڵی ١٩٨٤وە دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا هێرش دەکات، گەریلا خۆی دەپارێزێت و هێرش ناکات. دەوڵەتی تورک دەبێت ئاگربەست ڕابگەیەنێت. دەبێت دەوڵەتی تورک دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو بنێت. قۆناغی سەرەتای ئەم هەنگاوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستە. ئەگەر لە پراکتیکدا ئاگربەست دروست ببێت، ئەوا دەبێت بە هۆکارێک پەکەکە هەنگاوی دیکە بهاوژێت".
'دەبێت هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات'
ساڵەح موسلیم بەمشێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "چارەسەری پرسی کورد گەشتە قۆناغێکی نوێ. لە پڕۆسەیەکی نوێی لەم جۆرەدا، هەموو کەسێک خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتییە. دەبێت گەلی کورد و گەلانی دیکە بە ئەرک و بەرپسارێتی خۆیان هەست. بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبین، بەڕای من قورسە. بە ئەرێنی و هیواوە لە هەنگاوەکە دەڕوانین."