شەهید عومران هۆڵ لە حەسەکە بەخاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانی قەسەدە عومران هۆڵ (فەرحان وێسۆ ئەل حەمۆد)، کە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە شەهید بوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە شاری حەسەکە بەخاک سپێردرا.

تەرمی شەڕڤانی قەسەدە عومران هۆڵ (فەرحان وێسۆ ئەل حەمۆد) بە بەشداری ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکەی کانتۆنی جزیرێ لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی حەسەکە بەخاک سپێردرا.

عومران هۆڵ لە ٩ی ئادار بەهۆی جەڵتەی دڵەوە شەهید بوو.

پاش خولەکێک بێدەنگی بۆیادی شەهیدان، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئەحمەد هرێز، وتارێکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند؛ شەهیدان لەپێناو پاراستنی خاک و گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخشی. ئیمە بە هەر شەهیدێک ئیرادەمان بەهێزتر دەبێت و ئەم نیشاندەری ئەوەیە کە گەلانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشقی بەرخۆدانن  و هەتا ئازادیی خاکە داگیرکراوەکانیان بەردەوامن لە تێکۆشان.

دواتر بە ناوی هێزە سەربازییەکانەوە سالار حەسەکە قسەی کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و رایگەیاند: "پاراستنی ئەم خاکە ئەرکی ئێمەیە. ئێمە ئامادەین پاراستنی خاکەکەمان بکەین، چیمان دەکەوێتە سەر شان ئامادەین. شەهیدانمان بە مردنی خۆیان ژیانێکی ئازاد دەخوڵقێنن. ئێمە بۆ پارستنی گەل و خاکەکەمان بەردەوام لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدانین. هەروەها بەرخۆدانی گەلەکەمان لە بەنداوی تشرین ئیرادە و شکۆی ئێمەیە."

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و تەرمی شەهید بە وتنەوەی دروشمەکان بەخاک سپێردرا.