تەرمی شەڕڤانی قەسەدە، شەڕڤان ئۆجالان بە خاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانی قەسەدە شەڕڤان ئۆجالان لە ٢١ی ئادار لە شەدادی شەهید بوو، بە مەڕاسیمێکی جەماوەری لە حەلەب بە خاک سپێردرا.

تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) شەڕڤان ئۆجالان (ئەحمەد حەقی) کە لە ٢١ی ئادار لە شەدادی شەهید بوو، بە مەڕاسیمێکی جەماوەری لە حەلەب بە خاک سپێردرا. دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەش بەشداری مەڕاسیمەکە بوون.
هەروەها مەڕاسیمی غیابی بۆ شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن حیکمەت کراد و گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەڕڤان گەریلا ئەنجام درا. کاروانی دانیشتووان لە پێش نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجری ڕۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسود دەستی پێکرد و بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی لە هەرێمی شەقیف بە ڕێکەوتن.
لە گۆڕستان ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئاریان حەلەب و  بە ناوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ فەرهاد کۆبانێ قسەیان کرد و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی شەهیدان، بەردەوامی تێکۆشان و شوێنکەوتنی ڕێگەی شەهیدانیان دا.
خوشکی شەهید حیکمەت کراد، شێرستان کراد قسەی کرد و گوتی: "براکەم لە بەرخۆدانی سەردەمدا شوێنەوارێکی بە جێهێشت لە بیرناکرێت. فیداکاری ئەو لە بیرەوەری خۆماندا و لە پەڕەکانی مێژوودا بە زیندووی دەهێڵینەوە."
دایکی شەهید شەڕڤان ئۆجالان، نەوال محەمەد ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد لە سایەیی فیداکاری شەهیدانەوە ئەم دەستکەوتانەی بە دەستهێناوە.
باوکی شەهید شەرڤان گەریلا، موستەفا نەعمان گوتی: "کوڕەکەم بە پێداگری و باوەڕەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، لە ماوەی ١٠ ساڵدا داستانی قارەمانێتی نوسییەوە."
پاشان گۆرانییەکی نەتەوەی لەسەر کوردستان کە بە دەنگی شەهید شەڕڤان گەریلا و پەیامێک بە دەنگی شەهید حیکمەت کراد پێشکەش کرا.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا ناسنامەی هەر سێ شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا، تەرمی شەهید شەڕڤان بە خاک سپێردرا.