تەرمی ڕۆسێل محەمەد خەڵەف بە خاک سپێردرا

تەرمی منداڵێک بە ناوی ڕۆسێل محەمەد خەڵەف ١٣ ساڵ کە لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا کوژرا، بە خاک سپێردرا.

تەرمی ڕۆسێڵ محەمەد خەڵفی ١٣ ساڵ کە لە ٢٤ ی تشرینی دووەم لە گوندی حەلیسەی شارۆچکەی فافینی سەربە شەهبا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بریندار بوو، دوێنێ لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە شەهیدبوو، بە بەشداری خەڵکی کانتۆنی عەفرین و شەهبا لە گۆڕستانی شەهید زۆزان ئامانۆس لە شارۆچکەی فافین بە خاک سپێردرا.
لە مەڕاسیمەکەدا لەسەر ناوی مافەکانی منداڵانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا لاڤا ئەحمەد قسەی کرد و گوتی: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هەمووکات خەڵکی مەدەنی و منداڵان بە ئامانج دەگرن و لە دژی ئەوان تاوانێکی دڕندانە دەکەن".
پاشان لەسەر ناوی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا موستەفا حەسەن گوتی: "حەوت ساڵە لە شەهبا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەین. ئەمڕۆش ڕۆسێل لەبەر ئەو هێرشانە شەهیدبوو".
لە کۆتاییدا ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.