تەڤ-دەم: تەکین گۆیی شۆڕشگێڕێکی بێ هاوتا بوو
تەڤ-دەم رایگەیاند، کە تەکین گۆیی کە خاوەنی تێکۆشانێکی ٣٢ ساڵە بوو و لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بواری تەندروستیدا چالاکی دەکرد، لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبووە.
تەڤ-دەم رایگەیاند، کە تەکین گۆیی کە خاوەنی تێکۆشانێکی ٣٢ ساڵە بوو و لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بواری تەندروستیدا چالاکی دەکرد، لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبووە.
بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) سەبارەت بەو بابەتە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ناسنامەی شۆڕشگێڕ تەکین گۆیی ئاشکرا کرد
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"هەڤاڵمان، یەک لە شۆڕشگێڕە پێشەنگەکانی کوردستان عیسمەت ئونڤەر (تەکین گۆیی) لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ دا کاتێک لە شاری قامیشلۆ ئەرکی خۆی لە چوارچێوەی خەباتی تەندروستی درێژە پێدەدا، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە شەهید بوو.
رێهەڤاڵ تەکین گۆیی لە شاری شڕنەخی هەرێمی بۆتان لەدایکبوو، منداڵی و گەنجی لە جوگرافیای دژواری کوردستان تێپەڕاند و شایەتی ستەم و زۆرداری سەر گەلەکەی بوو، بۆیە بڕیاریدا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمن بەشداری ریزەکانی گەریلا ببێت. لە ساڵی ١٩٩٢ بە یارمەتی بنەماڵەکەی بەشداری لە ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادیدا کرد.
رێهەڤاڵ تەکین ساڵی ١٩٩٦ روویکردە گۆڕەپانی رێبەر ئاپۆ و لەوێ لە رێگەی ئەو پەروەردەیەی وەریگرت بووە خاوەنی هۆشمەندییەکی شۆڕشگێری و رۆحی بەرخودانی بەهێز و بووە شۆڕشگێڕێکی زانا. بەتایبەتی دوای دیتنی پەروەردەی رێبەر ئاپۆ، لە هەموو گۆڕەپانێک نوێنەرایەتی فەلسەفە، هزر و کەسایەتی جەنگاوەری ئاپۆیی دەکرد.
هاوڕێ تەکین تێکۆشانی شۆڕشگێڕی خۆی لە زۆر ناوچەی کوردستان درێژە پێدا. لەو گۆڕەپانانەی بەرخودان تیایدا زۆر بوو، وەک بەهدینان، بۆتان، مێردین، قەندیل، رۆژئاوا و شەنگال بەشێوەیەکی کارا بەشداری کرد. لە رێگەی رەنج و ماندووبوونەوە لە سەرجەم ئەو هەرێمانەدا جێگەی تایبەتی لەناو دڵی خەڵکدا کردەوە. لە هەموو گۆڕەپانێکدا بە دڵسۆزی خۆی بۆ گەل و بە بڕیارداری شۆڕشگێڕیەوە ناسرایەوە.
سەرباری ئەوەی لە شەڕدا قاچی چەپی لەدەستدابوو، بەڵام ئەو دۆخە جەستەییە نەیتوانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی ئەو رابگرێت، بە پێچەوانەوە، جۆش و خرۆشێکی گەورەترەوە، باوەشی بە تێکۆشانی خۆیدا کردەوە و ئەرکە شۆڕشگێڕیەکانی درێژەدا.
ساڵی ٢٠١٤ کاتێک چەتەکانی داعش پەلاماری رۆژئاوایان دا لە سەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ بۆ ئامادەباشی، رێهەڤاڵ تەکین بێ دوودڵی رووی کردە کۆبانێ. لەوێ وەک فەرماندەیەکی بە ئەزمون لە بەرەی پێشی پێشەوەی شەڕی بەرخودان بەشداربوو.
دوای شکستی داعشیش لەلایەن شەڕڤانانی ئازادیەوە، لە زۆر خەباتی خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتیدا پێشەنگایەتی کرد. لەم دواییەدا لە خەباتی تەندروستیدا بە شێوەیەکی کارا بەشداربوو، خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە هاوڕێکانی و گەلەکەی دەکرد و لەم قۆناغەدا هەوڵ و ماندووبوونی زۆری کێشا.
لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤دا کاتێک لە شاری قامیشلۆ خەباتی تەندروستی درێژە پێدەدا، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شەهیدبوو.
رێهەڤاڵ تەکین؛ بە بەشداربوون، هەڵوێست، تێکۆشان و شکۆمەندی خۆی فەرماندەیەک بوو کە ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی تێکۆشانی شۆڕشی کوردستان و گەلانی هەرێمەکەدا نوسیەوە. شۆڕشگێڕێکی بێهاوتا بوو و یادی ئەو، هەموو کات لە تێکۆشانی گەلاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لە کەسایەتی هەڤاڵ تەکیندا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە بە هەموو شەهیدان دەدەین و ئاواتی ئەو شەهیدانە دەهێنینەدی و رێپێوانی رێبەرایەتی ئازاد، کوردستانی ئازاد بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی زۆر بەنرخی هەڤاڵمان تەکین، گەلی وڵاتپاڕێزی بۆتان و سەرجەم گەلانی هەرێمەکە دەکەین. تێکۆشان و فیداکاری ئەو دەبێتە رێبەر و ئیلهامبەخشی ئێمە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا زانیاری لە بارەی ناسنامەی تەکین گۆیی ئاشکرا کراوە:
ناو عیسمەت ئونڤەر
ناسناو: تەکین گۆیی
ناوی دایک: سەبیحە
ناوی باوک: محەمەد
شوێن و کاتی لەدایکبوون: شڕنەخ-٠١-٠١-١٩٧٦
شوێن و کاتی بەشداربوون: قلەبان-شڕنەخ-١٩٩٢
شوێن و کاتی شەهیدبوون: قامیشلۆ- ١٩-٠٨-٢٠٢٤