وۆرک شۆپی دیالۆگ: پێویستە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە تەواوی سوریا جێبەجێ بکرێت

کۆردیناسیۆنی ئەنجوومەنی ئایین و باوەڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامنامەی وۆرک شۆپی دیالۆگی ئاشکرا کرد کە ٥ ی کانوونی دووەم ئەنجامدرا.

دوێنێ کۆردیناسیۆنی ئەنجوومەنی ئایین و باوەڕەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وۆرک شۆپی دیالۆگی ئەنجامدا.

ئەمڕۆ ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکە بڵاوکرایەوە، تێیدا چەند خاڵ و پێشنیارێک بۆ ئایندەی سوریا پێشنیارکراوە:

- پێویستە هەموو جۆرە توندڕەوییەکی نەتەوەیی و ئایینی یان نکۆڵی و سوکایەتی بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا، ڕەت بکرێتەوە.

- ژنان پایەی سەرەکی ژیان و کۆمەڵگان و ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە.

- دەستوورێک کە دەتوانێت هەموو ئایین و بیروباوەڕەکان لە ژێر یەک سەقفدا کۆبکاتەوە، دەبێت وەک دەستووری ئیسلامی مەدینە بێت کە دەڵێت ئایین بۆ خودایە و نیشتمان بۆ هەمووانە.

- ئایین و بیروباوەڕەکانی وەک (ئێزدی، زەردەشتی، ئیسماعیلی، عەلەوی و دورزی موەحیدین) لە دەستووردا دانیان پێدا بنرێت و جێبەجێکردنی ڕێوڕەسم و داب و نەریتیەکانیان بە یاسا گەرەنتی بکرێت.

- ڕەچاونەکردنی کەمینە و زۆرینە لە سوریا، بەو باوەڕەی کە سوریا لە پێکهاتەی ئیتنیکی و نەژادی جیاواز پێکدێت، هەروەها سەپاندنی سیستمێکی پەروەردەیی و پێداگۆگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدژی ئەم فرەڕەنگییە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، و لەسەر ئەم بناغەیە گونجاوترین ناو بۆ سوریای ئایندە "کۆماری سوریا"ـە.

_ شەرمەزارکردنی هەموو ئەو کارە نامرۆڤانەی کە لە سوریا بەرامبەر بە عەلەوی و مەسیحی و ئێزدییەکان دەکرێت، کە زیان بە چەمکی نەتەوەیی و خوشک و برایەتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی سوریا دەگەیەنن.

- دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشداربوون لە تاوانی قڕکردنی ئێزدییەکان لە ئابی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

_ دادگاییکردنی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتی تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی بەهۆی تاوانەکانی جەنگەوە، هەوڵبدرێت هەموو دانیشتووانە ئاوارەکانی سوریا بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

_ مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ساڵانێکی زۆرە سەلماندوویەتی کە تاکە هەرێمە هەموو پێکهاتە و باوەڕەکانی سوریا بە ئاسوودەیی و ئاشتی و ڕێزەوە تێیدا پێکەوە دەژین، بووەتە نموونەی ئازادیی بیروباوەڕەکان. بۆیە جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە تەواوی سوریا، گەرەنتییە بۆ ئایندەی هاوبەشی هەموو ئایین و باوەڕەکانی سوریا.