بە دیمەن

ئاڵدار خەلیل: پێویستە هەڵوێستێکی مێژوویی نیشان بدەین

ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەتایبەت مەنبەج، گوتی: "لە ڕۆژانێکی مێژوویی وەهادا، پێویستە هەڵوێستێکی مێژوویی نیشان بدەین. پێویستە بەرخۆدان مەزن بکەین".

ئاڵدار خەلیل

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشەنگایەتی ئەم قۆناغە مێژووییە دەکات.

ئاڵدار خەلیل قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و تیشکی خستەسەر ئەم خاڵانە: "لەم سەردەمە مێژووییەدا، سەردەمێکی مێژوویی نوێ بۆ سوریا و گەلانی سوریا دەنووسرێتەوە. پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕوونە. پرۆژەکەمان نەتەوەی دیموکراتیکە، ساڵانێکە لە چوارچێوەی ئازادی و یەکسانی گەلان مامەڵەی کردووە و خۆی پێش خستووە. ئەمڕۆ لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵات دەرفەتی زیاتر بۆ پێشخستنی پڕۆژە دیموکراتیکەکەمان ڕەخساوە. بەڵام دەوڵەتی تورک کە دژی پەیدابوونی ئاشتییە لە سوریا، لە ڕێگەی چەتەکانیەوە هێرش دەکاتە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و مەنبەج. پێویستە گەلانی عەرەب و کورد و ئەرمەن و سریانی و تورکمان و چەرکەز دژی ئەم هێرشانە بەرخۆدان بکەن و ئەو دەسکەوتانە بپارێزن کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و ڕەنجی گەلان و بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەدەست هاتوون.

پێویستە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیاری ئایندەی خۆیان بدەن

لە ڕۆژانێکی مێژوویی وەهادا، پێویستە هەڵوێستێکی مێژوویی نیشان بدەین. هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەبێت بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان سەفەربەربن. ئەگەر ئەم هەڵوێستە مێژووییە نیشان بدرێت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت پێشەنگایەتی ئایندەی سوریا بکات و ئایندەی سوریا دیاری بکات. بەڵام ئەگەر سستییەک هەبێت، ئەوکات دەوڵەتی تورک کە دەیەوێت قەیرانی ناوخۆیی سوریا قووڵتر بکاتەوە، پلانەکانی جێبەجێ دەکات، ئەوکات سوریا پاش ١٤ ساڵ دەکەوێتە نێو ئاگرێکی نوێ و ئەم ئاگرە زیاتر تەشەنە دەسێنێت. بۆیە پێویستە ڕێگری لەم هەوڵانەی دەوڵەتی تورک بگرین و بەرخۆدان مەزنتر بکەین".