ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە: دەبێت لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژکردنی عەلەوییەکان بکرێت

ئەنجوومەنی ژنانی پەیەدە بە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی داوای لێپرسینەوەی لە کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکانی سووریایی کرد.

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە پێشی بارەگای گشتی پەیەدە لە قامیشلۆ سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە بە ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕاگەیاندرا.

هۆریا شەمدین، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە، بەیاننامەکەی خوێندەوە. هۆریا شەمدین ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵکوژی، بەئامانجگرتنی بە پلانڕێژی ژنان و منداڵان، تاوانێکی جەنگە و پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا شەڕی مەزهەبی، توندوتیژی و گوتاری نەفرەتاوی کە لە سووریادا بڵاودەکرێتەوە، بە توندی شەرمەزار کرا و هۆشیاری ئەوە درا بەردەوامبوونی ئەم شەڕە وڵات پەلکێش دەکاتە نێو کارەساتێکی گەورەترەوە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانی سووریا کراوە و هاوکات داواکراوە ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژیی گەلانی سووریا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان و دامەزراوە یاسایی و مافەکانی مرۆڤ کراوە کە لە دژی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ئەتنیکی سەر عەلەوییەکانی سووریا هەڵوێستی جددی بگرنەبەر.

لە کۆتاییدا ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دیالۆگی ئاشتی و چارەسەری سیاسی تەنیا ڕێگای پاراستنی سووریایە لە توندوتیژی و جیابوونەوە.