یەپەگە: دەوڵەتی تورک مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئێزدییەکان

یەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ساڵیادی جینوسایدی شەنگالەوە ڕایگەیاند "دەوڵەتی تورک مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی گەلی ئێزدی. ئێمە ئامادەین بەرگری لە گەلی ئێزدی خۆمان بکەین."

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشی کۆمەڵکوژی داعش لە شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە جینوسایدی شەنگال یەکێکە لە دڕندانەترین جینۆسایدەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە و ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە دادگایی بکرێن و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"لەکاتێکدا گەلی ئێزیدیمان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژ دەکرا، هەموو جیهان بێدەنگیان هەڵبژارد و تەماشاکەری کۆمەڵکوژییەکە بوون. پێش هەر کەسێک، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەهانای گەلی ئێزیدییەوە چوون، پاشان هێزەکانی یەپەگە-یەپەژەمان بەفریا کەوتن و گەلەکەمانیان لە کۆمەڵکوژییەکی گەورەتر ڕزگار کرد. پێویستە هەمووان بزانن کە لە کەسایەتی گەلی ئێزیدیماندا لە دژی مرۆڤایەتی جینۆسایدێک ئەنجامدرا. بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیی ڕێگری لە دڕندەیی داعش کرد و مرۆڤایەتی لە کارەساتێکی گەورەتر ڕزگار کرد.

"داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەبەرامبەر هێرشە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدان بەرز بکەنەوە"

بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە-یەپەژە، چەتەکانی داعش لە ڕۆژئاوا بێکاریگەر کران و ڕۆحی تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستەکانیان بۆ هەموو لایەک نیشاندرا، هێزە بکوژەکان کە نەیانتوانی لە ڕێگەی چەتەکانی داعشەوە بگەنە ئامانجەکانیان، بە شێوازی جیاواز درێژەیان بە هێرشەکانیان دژ بە گەلەکەمان دا. بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە تۆڵەکردنەوەی شکستی داعشدا، هێرشی کردە سەر گەلی ئێزیدیمان لە شەنگال، لەو هێرشانەدا بەدەیان ئێزیدی و شەرڤان گیانیان لەدەستدا. بەڵام لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ کاردانەوەیەکی جددی نیشان نەدرا. دەوڵەتی تورک مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت گەلی ئێزیدیمان. بۆیە داوا لە هەموو زلهێزە نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە دەکەین دژی ئەم هێرشە جینۆسایدانەی دەوڵەتی تورک کاردانەوەی جدیی نیشان بدەن.

پێویستە هەمووان بزانن کە هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر گەلی ئێزیدیمان ڕوونە. ئێمە جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆش وەک ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە هەموو هێزمانەوە گەلی ئێزیدیمان دەپارێزین.

ئێمە جارێکی دیکە بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە میراتی تێکۆشانی شەهیدانمان لە پاراستنی گەلەکەمان و شەنگال دا دەپارێزین."