یەپەژە: داوا لە هەمووان دەکەین بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێەوە تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە

یەپەژە ڕایگەیاند: "بە ڕۆحی بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانیەوە کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین. دەبێت بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانیەوە لە خۆمان پاراستن بکەین و بە یەکڕیزییەوە درێژە بە تێکۆشان بدەین. بۆیە داوا لە هەمووان دەکەین تێکۆشانی خۆیان چڕتر بکەنەوە.

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە بەبۆنەی ١ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە؛

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک گروپێک لە ئاکادیمیستە دیموکراتیکەکان خوازیاری ئەوە بوون کە ١ی تشرینی دووەم ببێتە ڕۆژی پشتیوانی لە بەرخۆدانی کۆبانێ، گەل و چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگا لە سەرانسەری جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی کۆبانی نیشاندا. بە چالاکی جۆراوجۆر بەرخۆدان لە گەڕەک و سەنگەرەکانی کۆبانێەوە ئەنجامدرا و لە شەقامەکانیەوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، لەبەر ئەوەی گەلانی جیهان درکیان بەوە کردبوو کە چەتەکانی داعش مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەن نەک تەنها بۆ سەر گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی."

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە:

چەتەکانی داعش دوژمنی هەموو ماف، ئازادی، دیموکراسی و ژیانێکی شکۆمەند بەتایبەتی ژنان و کۆمەڵگان. بۆیە ژنان و گەلەکەمان تێکۆشانی هاوبەشی بەهێزی بە پێویست زانی و لە ١ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤، دڵ و مێشک لە شەقام و گۆڕەپانەکانی هەموو جیهان یەکیانگرت و بەرخۆدانی کۆبانێ بە یەک دەنگەوە پشتگیری جیهانی لێکرا. ژنانی کورد و تێکۆشەرانی ئازادی بە فیداکردنی گیانی خۆیان دژی دڕندەیی داعش بوونەوە.

ئەو ساتەی کە ئیرادەی مرۆڤ لەگەڵ عەشق بە ئازادی یەکدەگرێت نیشانیداوە کە هیچ شتێک، هیچ کۆسپ و دوژمنێک ناتوانێت ڕێگری لە سەرکەوتنی بکات. لە ١ ی تشرینی دووەم کاتێک دروشمی بژی بەرخۆدانی کۆبانێ لە سەرانسەری جیهانەوە دەبیسترا، شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان گورزێکی گەورەیان لە چەتەکانی داعشدا و بەرخۆدانەکە بوو بەرخۆدانێکی جیهانی، لەم ڕوانگەیەوە، ١ی تشرینی دووەم لە راستیدا بوو بە هێمای یەکڕیزی و هاوخەباتی گەلان بۆ ئازادی.

ئەمڕۆ، لەم دەیەمین ساڵیادە مێژووییەدا، پێویستییەکی زیاتر بە هەبوونی ژنان و گەل لە خەباتی هاوبەش و یەکڕیزیدا هەیە. دەستکەوتەکانی گەل هێشتا ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، چونکە سیستەمی سەرمایەداری و هێزە داگیرکەرەکان دژی بەها مرۆییەکانن. هەڕەشەی داعش بەتەواوی لەناونەچووە. حکومەتی فاشیستی تورک هەموو هەوڵێکی بۆ ڕێگریکردن لە لەناوبردنی چەتەکانی داعش دەدات. چەتەکانی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین، سەرێکانی و ئیدلب و گرێسپی بوونیان هەیە و بەم دواییانە ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە، ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەیە. بۆیە دەبێت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە بکەن و بۆ کۆتاییهێنان بەم چەتانە دژیان هەڵوێستیان هەبێت. دەبێت بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێەوە خۆمان بپارێزین و بە یەکڕیزییەوە درێژە بە تێکۆشانمان بدەین.

ئێمە وەک یەپەژە جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە بۆ پاراستنی مافەکانمان، بوون و ئازادی ژنان و گەلەکەمان بۆ یەک ساتیش پاشگەز نابینەوە و بە ڕۆحی بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێەوە کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین، بەو بۆنەوە داوا لە گەلەکەمان، ژنان و ئازادیخوازان دەکەین لەبەرزترین ئاستدا تێکۆشانیان چڕتر بکەنەوە."