ئەو ژنە ئێزدییانەی لەلایەن یەپەژەوە ڕزگارکران، بەشداری ڕێپێوانیان کرد

ئەو ژنە ئێزدییانەی لەلایەن یەپەژەوە لەدەستی چەتەکان ڕزگارکران، بەشداربوون لەو ڕێپێوانەی بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی قڕکردنەوە ئەنجامدرا.

ژنانی ئێزدی بە ناوەکانی عەزیزە خالد عەلی (٢٥ ساڵ) و تەواف داود چەتۆ (٢٤ ساڵ) کە ١ ی ئابی ٢٠٢٤ لەدەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکران، لە ڕۆژی سێیەمی ئازادییاندا بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەی شاری عامودا.

تەواف داود چەتۆ خەڵکی تەل عوزێری شەنگال کە پێش ١٠ ساڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنرا، گوتی: "زۆر دڵخۆشم بەو ڕێزەی لەنێو خزمەکانمدا لێم دەگیرێت، سوپاسی یەپەژە دەکەم بۆ ڕزگارکردنم".

تەواف ڕایگەیاند ئەم ١٠ ساڵەیان بە زەحمەتی تێپەڕاند، گوتی: "ئەم ڕۆژە، بۆ ئێمە ڕۆژێکی خەمگینە، ئەم ڕۆژە لەبیر ناکرێت. ویستمان بە بەشداریمان لەم ڕێپێوانە، جڤاکەکەمان دڵخۆش بکەین".

یەپەژە ڕایگەیاندبوو کە عەزیزە خالد لە کەمپی هۆل ڕزگارکراوە، تەواف چەتۆش لەسەر سنووری سوریا-عێراق کاتێک هەوڵیداوە خۆی ڕزگاربکات، گیراوە و پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئێزدییە. لەگەڵ ئەواندا، مناڵێکی ئێزدی بەناوی خوناڤ کە لای عەزیزە خالد گەورە بووە، ڕزگارکراوە.