ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای کرد بۆ بەنداوی تشرین چالاکی ئەنجام بدرێت

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک گوتی: "ئەگەر بەنداوی تشرین لەکار بکەوێت، کارەساتێکی مەزن ڕوودەدات"، بانگەوازی چالاکی لە گەل کرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ڕایگەیاند زیاتر لە مانگێکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە سەختی بەنداوی تشرین بۆردوومان و تۆپباران دەکەن، جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەنداوەکە دەکات و ڕەنگە چیتر بەکەڵک نەمێنێت، ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی مەزن بەسەر هەرێمەکەدا دەهێنێت.

هەروەها دووپاتی دەکاتەوە لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر بەنداوەکە زیاتربوون، ئەگەر ئاوی بەنداوی تشرین بڕژێنرێتە بەنداوی فوراتەوە، بەنداوی فورات توانای هەڵگرتنی ئەو بڕە ئاوەی نییە. نزیکەی ٢ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی تشرین هەیە، ئەگەر هەموو دەرگاکانی بەنداوی فوراتیش بکرێتەوە، ڕێژەکەی دەبێتە ١٦ ملیار مەتر سێجا، ئەمە لە توانای بەنداوی فورات زیاترە.

بەو هۆیەشەوە، ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی کشتوکاڵی و سەدان گوند و دەڤەری دەوروبەری ڕووبارەکە و شاری ڕەقە و چەند دەڤەرێکی سەر خاکی عێراق، دەکەونە ژێر ئاوەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کراوە ڕێگە لە هێرشەکان بگیرێت.

بانگەواز لە تەواوی گەلی هەرێمەکە کراوە بەشداربن لە چالاکییەکەی سبەی لە نزیک بەنداوی تشرین، ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەئامانجگرتنی بەنداوەکە و پشتگیری لە بەرخۆدانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بکەن بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی.