ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبۆنەی ٧ـەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرینەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "١٨ی ئادار ٧هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرینە لە لایەن فاشیزمی تورک و گروپە تیرۆریستە تەندڕەوەکانەوە. دوای هێرشە دڕندانەکان لەسەر کانتۆنی عەفرین کە بۆ هەموو هاووڵاتیانی هەرێمەکانی سووریا کۆچبەربوون شوێنێکی سەلامەتبوو، بە سەدان هەزار کەس کۆچبەر بوون. لە کاتی داگیرکردنی شاری زەیتون کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش لە بەرانبەر کۆمەڵکووژییەکان لەسەر گەلی عەفرین و سروشتەکەی بێدەنگ بوو."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەمە بیرهێنرایەوە: "دوای ٧ساڵ لە داگیرکاری، سیاسەتی وێرانکردن لە لایەن داگیرکەران و گروپە تیرۆریستەکانەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی پێشووش.
کاتێک چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرەو حەلەب بەرەو پێشەوە دەچوون، کارەساتێکی دیکە ڕوویدا و لە ئەنجامی ئەوەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تۆڵەی خۆی لە گەلی عەفرینی بەرخۆدەر لە کەمپەکانی شەهبا و تەل ڕەفعەت کردەوە و هاووڵاتیانی ئەوێش جاریکی دیکە کۆچبەر بوون.
لە ئەنجامدا کاروانی کۆچبەرانی لەسەر ڕێگەی نێوان شەهبا و تەبقەی کرد بە ئامانج و گەلێک تاوانی کوشتن و ترساندنی کاروانەکان دروست بوو."
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرد "دەستوەردان بکەن تاوەکو گەلی عەفرینی کۆچبەر بگەڕێنەوە سەر خاکی مێژووی خۆیان. لەم بۆنە بە ئازارەدا پشتگیری خۆمان بۆ کۆچبەرانی زۆرەملێ سەرێکانی و گرێ سپیش نیشان دەدەین."