ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی بەناو "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیی سوریا" کە لە دیمەشق ئەنجامدرا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژە بەوە دەکات لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە سوریا، هەموو پێکهاتەکانی سوریا چاوەڕێی کۆنگرەیەکی دیالۆگی نیشتیمانی و هەنگاوی پراکتیکی بوون بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، دەڵێت: "بەڵام ئەم هەنگاوانەی ئیدارەی کاتی سوریا لە بابەتی دیالۆگ و بەشدارییدا، لە جێگەی چاوەڕوانییەکان نەبوون. دەبوو لە سەرەتاوە کۆمیتەیەکی یەکگرتوو بۆ ئامادەکردنی ئەم دیالۆگە دابمەزرایە و پاشان گفتوگۆ دەربارەی کەسانی بەشداربوو بکرایە. دواتر دەبوو کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی گشتگیر بکرایە. بەڵام ئەوەی ڕوویدا و ئەوەی ئێستە ڕوودەدات، دوورە لە هەموو چاوەڕوانیی و هیوای سورییەکان.
ئەو کۆمیتەیەی بۆ ئامادەکاری کۆنگرەکە دامەزراوە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی سوریای نەکرد، تەنانەت ڕاگەیاندراوەکانیان دوورە لە زمانی دیالۆگ و نزیکبوونەوەی بۆچوونەکان. لە چەند پارێزگایەکی سوریا بە ناوی دیالۆگی نیشتیمانییەوە کۆبوونەوە ئەنجامدرا. بەڵام ئەم کۆبوونەوانە تەنها ئەو سیاسەتانە دەردەخات کە گەلی سوریا بۆ لەناوبردنی تێکۆشاوە. ئەمڕۆ و پاش ئەم کۆبوونەوانەی کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل تێیدا بەشدارنەبوون، دەرکەوت ئەو کۆبوونەوانە، کۆبوونەوەی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن بووە، مۆزایکی گەلی سوریا ڕەچاونەکراوە.
لە دیمەشقی پایتەخت، کۆنگرەیەک بە ناوی دیالۆگی نیشتیمانی ئەنجام دەدرێت، ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایدەگەیەنین، گەلی سوریا دەتوانێت برینەکانی خۆی چارەسەر بکات و لەڕێگەی دیالۆگی نیشتیمانیی ڕاستەقینەی نێوان پێکهاتە و ئیتنیکەکانی گەلی سوریاوە، سوریایەکی دیموکراتیک و هەمەڕەنگ بنیات بنێت.
ئێمە دەڵێین، ئەم کۆنگرەیە نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات. ئێمە بەشێکین لە سوریا و نوێنەرایەتی ئێمە نەکراوە و لە ناوەڕۆکی ئەم کۆنگرەیە ناڕازین و نابینە بەشێک لە جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی.
جارێکی تر دەڵێین، وەک گەلی سوریا ئامانجی یەکەم و دوایینی ئێمە لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە ئەوەیە، کۆمەڵگەی سوریا لە ستەم و دوژمنایەتی و سیاسەتی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە ڕزگار بکەین و دەسپێشخەریی گرنگمان لەم ڕووەوە هەبووە. ئەمڕۆش خواستی خۆمان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی ڕاستەقینە کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی سوریا بکات و هیچ کەسێک دوور و پەراوێز نەخات، دووپات دەکەینەوە.
بانگەواز لە گەلی سوریا دەکەین، خەباتی خۆمان پێکهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش درێژە پێ بدەن، تاوەکو شایستەی قوربانیدانەکانمان بین، وە هیوا و خواستی گەلەکەمان بەدی بهێنین".