ئیلهام ئەحمەد: پێویستە حکومەتی شام دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بنێت

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند پێویستە حکومەتی شام دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بنێت، گوتی: "پێویستە گەل خاوەندارێتی لە هێزەکانیان بکەن".

وۆرک شۆپی "پێناسەی ناسنامەی کوردی و گەلانی سوریا لە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکدا" بە پێشەنگایەتی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە هحڵی زانای شاری قامیشلۆ بەردەوامە.

لە وۆرک شۆپەکەدا لەسەر بابەتی دووەم بە ناونیشانی "ناسنامەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی کورد لەپاش شۆڕش و دیدگای چارەسەری دۆزی کورد لە سوریا" هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، قسەی کرد.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ شۆڕشی ١٩ ی تەمموز گۆڕانی مەزن بەدیهاتن و گوتی: "نزیکەی ١٣ ساڵە لە دەسپێکی پرۆسەی قەیرانی سوریاوە تا ئەمڕۆ، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوریادا، چارەسەری دۆزی کورد گەیشتۆتە ئاستێکی گرنگ. لە سوریا و ڕۆژئاوا پرۆسەی تێکۆشان هەیە. پێش شۆڕش ئەو تێکۆشانەی لەڕێگەی پارتە کوردییەکانی سوریاوە بەڕێوەدەبرا، ئاستێکی ڕێکخستنی بنیاتنا. ئەمە لە ساڵی ٢٠١١دا شکڵێکی جیای وەرگرت. لە ناوخۆی سوریادا پرۆسەی بەدەستهێنانی ماف و چاند و پەیوەندیی گەلان، گەیشتە قۆناغێکی نوێ".

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند میراتێکی تەڤگەری ئازادی لە سوریا و ڕۆژئاوا هەیە و بەم جۆرە باسی لە دەسکەوتەکانی شۆڕش کرد: "بۆ دانپیانان بە ناسنامەی گەلی کورد قوربانی زۆر دراوە. لەم ڕووەوە زۆر دەستکەوت بەدەستهاتوون. هەندێک گروپ و لایەن و کەس دژی ئەم دەستکەوتە کاردەکەن. بە تایبەتی زمانی کوردی دەکەنە ئامانج. هەندێک بە ئەنقەست دژایەتی دەکەن و هەندێکیش بێ ئاگاییانە. بۆ نموونە؛ قوتابخانەکانی زمانی کوردی ئێمە قبووڵ ناکەن منداڵەکانیان دەنێرین بۆ قوتابخانەکانی ڕژێم. ئەمە هەڵەیە، نەبوونی باوەڕە بە داهاتوو. دەیان هەزار منداڵ هەن کە لە قوتابخانەکانماندا دەخوێنن".

ئیلهام ئەحمەد لە درێژەدا گوتی: "نامومکینە بگەڕێینەوە بۆ پێش ٢٠١١. نزیکەی یەک ملیۆن خوێندکار هەن. ئەم بێ هۆشیاری و تێکۆشانە گەشەنەسەندووە لە بنەڕەتدا دەیانەوێت مافەکانی جڤاکێک پێشێل بکەن. حەسرەتی هەموو کورد ئەوە بوو ڕۆژێک منداڵەکانمان بنێرین بۆ قوتابخانە. ئەمڕۆ ئەو حەسرەتە هاتەدی. بەڵام لایەن هەیە بەبەهێزی کار بۆ لاوازکردنی ئەم ئامانجە دەکات. ئەم سیاسەتە دژبەرانە تێکۆشانی گەلی کورد لاواز دەکەن. نابێت جڤاکەکەمان ڕێگە بەم کارە بدات. ئەمەش گرنگترین و بنەڕەتیترین دەستکەوتی شۆڕشە".

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی کرد بە هەزاران سەربازی شۆڕش و گوتی دەبێت گەل خاوەندارێتی لە هێزەکانی بکات، گوتی: "یەکێک لە دەسکەوتەکانی ترمان، هێزە سەربازییەکانمانە. جیهان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانمان دەبەستێت. ئەم ئیمکانە بەرەو ڕەوایەتی دەچێت. هەبوونی ‌هێزێکی پاراستن پێویستە، نەبوونی نابێت. ئەوانەی هەڵمەتی ڕەشکردن دەکەن، نەخۆشی دەروونیان هەیە و بەئەنقەست و ئاگاییانە دەیکەن. پێویستە هێزەکانمان بپارێزین و پێیان سەربەرز بین. جیهان دەڵێت ئەمە هێزێکی بەدیسپلینە. هێزەکەمان لەم ئاستەدا قبووڵ دەکرێت".

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دژی هەموو هێرشێک لەسەر کارن، گوتی: "لە کۆمۆنەکانەوە تا مەجلیسەکان و دامەزراوەکان، هەموویان دەسکەوتێکن. ئێمە ڕەخنەمان هەیە، بەڵام نابێ تەواوی ڕەشبین بین. هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانمان هەیە. دامەزراوەکانمان دژی ئەو هەموو هێرشە کاردەکەن. دروست نییە دژی دامەزراوەکان بوەستینەوە. تا مردن لەگەڵ دەستکەوتەکانی شۆڕشداین. لەو ئاستەدا نایهێڵینەوە، بەرەوپێشی دەبەین. بەشداریکردنی بەئیرادە بۆ بەدامەزراوەیی بوون گرنگە.

یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی کورد، دروستکردنی هۆشیارییەکی نوێیە. ئەگەر ژیان بەپێی ئەم هۆشیارییە نوێیە ڕێکبخرێت، ئەوا شۆڕش ڕوویداوە. بەڵام ئەمە بە تەواوی نەکراوە. مێژووی کورد هەمیشە پڕ بووە لە بەرخۆدان. بەرخۆدانی کورد بۆ ژیانێکی نوێیە. ئەم تێکۆشانە لە شۆڕشی ئێمەدا دەکرێت. بە پێداگرییەوە هەوڵدەدەن ئەم دامەزراوەیەی ئێمە بشکێنن بەڵام ئەم دامەزراوەیە بۆ ژیانێکی نوێیە. بە هاوپەیمانی گەلان ڕێگریمان لە هێرش و پلانە زۆرزەبەندانە کرد".

"بناغەی چارەسەری کێشەکانی سوریا لەسەر چارەسەری دۆزی کورد بەندە"،  بەم قسانە ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر نزیکایەتی حکومەتی شام بەرامبەر دۆزی کورد و گوتی: " پێویستە مافی زمانی کوردی بخرێتە ناو دەستووری سوریاوە. پێویستە مافی سەرەتایی ئێمە جێبەجێ بکرێت. پێویستە مافی خۆڕێکخستن جێگیر بکرێت. دەسەڵات لەمەودوا دەبێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات. سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لامەرکەزی قبوڵ بکرێت و دەوڵەت لامەرکەزی بێت. واتە دەبێت قبوڵمان بکات یان ڕژێم ڕووبەڕووی بنبەستێکی تر دەبێتەوە. بۆ چارەسەری پرسی کورد زۆر کۆبوونەوە بەڕێوەچوو. ڕژێم تەنانەت لە پێدانی ٢ کاتژمێر پەروەردە بە زمانی کوردی هەڵدێت، واتە بە تەواوی مافی زمانی کوردی ڕەتدەکاتەوە. مۆڵەت بە پارتێکی کوردی نادەن".

ڕۆڵی جڤاک

ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی پارتە کوردییەکان و ڕایگەیاند پێویستە گەل ڕۆڵ بگێڕێت، گوتی: "ئەگەر لەبارەی ڕێککەوتنی کوردی یان نەتەوەییەوە لەنێو پارتە کوردییەکان لێکتێگەیشتن نەبێت، واتە ڕێککەوتنی نەتەوەیی بوونی نییە. لێکتێگەیشتن لە ئاستی هەرە باڵادا گرنگە. بەڵام گوتنی بەبێ ئەمە نابێ، بەهەمانشێوە هەڵەیە. جڤاک دەتوانێت لەم ڕووەوە ڕۆڵ بگێڕێت. گەر جڤاک لەم ڕووەوە پێداگر بێت، خاوەن ئیرادە بێت، باوەڕبکەن لەماوەی هەفتەیەدا پارتەکان لەسەر مێزێک کۆدەبنەوە. تا ئێستە جڤاک ڕۆڵی نەگێڕاوە. یان ئەرکیان نەگرتۆتەئەستۆ، یان پارتەکان نەیانهێشتووە، یان ڕۆڵێکی بچوکیان هەبووە. دەبێت جڤاک بڵێت یان ئێوە وەرن، یان وەها مەکەن هەمووتان پێکەوە قبووڵ نەکەین. پێویستە جڤاکەکەمان خۆی بکاتە خاوەن دیدگا و پرۆژە".

دەرفەتی مەزن هەیە

لەکۆتاییدا ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند دەرفەت و مەترسی لەبەردەم کورد هەیە، گوتی: "پێداگرییەک لە سوریا و عێراق و تورکیا یەیە کە ناسنامەی کورد قبووڵ نەکەن. بۆ نموونە لە باشوور هەموو دەسکەوتەکان زەوتکرانەوە، بەم ڕێککەوتنەی دوایی تورکیان هێنایە بەعشیقە. واتە دۆسیەی عێراقیش لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت. هەوڵ هەن هەموو دەسکەوتەکانی کورد لەناوببەن. تورکیا ڕۆڵێکی مەزنی هەیە. دەوڵەتی تورک بۆ نەهێشتنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو کارێک دەکات، دەیرەزۆر نموونەی ئەمەیە. وێنەی ئێستە ئەوەندەش تاریک نییە، مەترسی هەیە، بەڵام دەرفەتی سەرکەوتنیش هەیە. پێویستی بە خاوەندارێتی و پاراستنە".

وۆرک شۆپەکە بە تاوتوێکردن بەردەوامە.